کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لەوڵاتی ئامریکا

16:57 - 2 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ، یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری واشێنگتۆن لەوڵاتی ئامریکا بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی خەرمانان، رێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە واشێنگتۆن بەڕێوەچوو.

سەرەتا رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب‌ و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی گەل و نیشتمان دەستی پێکرد.

دواتر، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشێنگتۆن لەلایەن ئارەش ساڵح نوێنەری حیزب لە ئامریکا خوێندرایەوە.

پاشان، مۆمی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزب لەلایەن نائیب مەشایەخی بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا و ئامینە حەقی‌پوور ئەندامی یەکیەتیی ژنان داگیرسا.

دواتر مەریەم داستان وەکوو خوشک و کچی شەهید رێزی لێگیرا و خەڵات کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوان، خوێندکاران و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن مەحبووبە حوسێنی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ژنان لە ئامریکا خوێندرایەوە.

هەروەها لە بڕگەیەکی رێوڕەسمەکەدا، پێنج کەس کە ماوەی ١٩ ساڵ بەر لە ئێستا کۆمیتەی حیزبیان لە ئامریکا دامەزراندبوو، لەلایەن محەممەد داستان نوێنەری حیزب و کادری دێرینی حیزبەوە کە بریتی بوون لە، جەماڵ عەبدوڵڵازادە، رێبوار سەلیمی، وەلی قادری، سەدیق مەحموودی، عەلی قادری خەڵات کران.

ئەم رێوڕەسمە بە پێشکەش‌کردنی چەند گورانییەک کۆتایی پێهات.

هەر بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش بە رێوڕەسمەکە کردبوو کە بریتین لە :

ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ــ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ
ــ ناوەندی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا