کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لەیادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستان

17:41 - 3 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەئاڵمان بەشداریی لە رێوڕەسمی ٦٩ یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستاندا کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێورەسمێک بۆ ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان لەشاری بۆترۆپی ئاڵمان بەڕێوەچوو و لە رێوڕەسمەدا شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەسەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەشداری رێورەسمەکەیان کرد.

نەقشبەندی وێرای پیشکەش کردنی پەیامی پیرۆزبایی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکیشی پێشکەش کردووە.

بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەرۆڵی پارتی دێموکراتی کوردستان لە رەوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، دۆخی ئێستای ناوچە و کوردستان و رۆڵی نەرێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا کردووە.

نەقشبەندی وتوویەتی: لەکاتێکدا کە گەلەکەمان لەلایەن چەندین داگیرکەرەوە دەوری دراوە و شەڕی داعشیشیان بەسەردا سپاندووین و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، پێویستە ریزەکانمان پتەوتر بکەین، هەربۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتییەکی نەتەوەیی کە لەسەرشانیەتی، لە هیچ هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە دریغی ناکات.