کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو زیندانیی کورد بە هۆی نەخۆشی مەترسی گیانیان لەسەرە

15:27 - 5 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: دوو زیندانی سیاسیی ــ عەقیدەتی کورد بە ناوەکانی ئاسۆ رۆستەمی و شەهرام ئەحمەدی بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستیان رەوانەی بێهداری ناو زیندان کراون.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئاسۆ رۆستەمی زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ٨ی گرتووخانەی ئێوینی تاران تووشی سەکتەی مێشک بووە و رەوانەی بێهداری ناو زیندان کراوە.

رۆستەمی پاش ئەوەیکە تووشی ئەو حاڵەتە هاتووە رێگەی پێ نەدراوە کە رەوانەی نەخۆشجانەی دەرەوەی زیندان بکات.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەماوەی دەورانی دەستبەسەریدا لەبەندی ٨ی زیندانی ئێوین و ژوورە تاکەکەسییەکاندا هەتا ئێستا چەندین جار دۆخی جەستەیی تێکچووە.

ماڵپەڕی سەحام نیوزبڵاوی کردووەتەوە، ئاسۆ رۆستەمی سەرەڕای سەکتەی مێشک تووشی خوێنرێژی و هەو کردنی ناو زگی هاتووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە مانگی رەزبەری ساڵی رابردوودا پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کۆبانێ لەبەردەم دەفتەری نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەتاران، لەگەڵ چەند چالاکی مەدەنی دیکە دەستبەسەر و بە ٧ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

لەلایەکی دیکەوە شەهرام ئەحمەدی زیندانی عەقیدەتی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٤، رەوانەی بێهداری زیندانی رەجایی شاری کەرەج کراوە.

ئەحمەدی زیاتر لە ٤ ساڵە کە بەدەست نەخۆشی گورچیلەوە دەناڵێنێ و دوو رۆژ لەمەوبەریش هەر بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە لە ساڵۆنی ١٠وە بۆ بێهداری زیندان گواستراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە: بەرپرسانی گرتووخانەکانی رێژیم بە بێ ئەوەیکە نەخۆشییەکەی چارەسەر بکەن، دەرمانێکی ئازار بڕییان پێداوە و بۆ بەندەکەیان گەڕاندووەتەوە.

ئەو زیندانییە عەقیدەتییە، لە رێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ١٣٨٨ی هەتاوی، دەستبەسەر و پاش ٣٣ مانگ راگرتنی لە گرتنگە و ژوورە تاکەکەسییەکاندا بۆ بەندی ٣٥٠ی ئێوین گوازراوەتەوە و پاشان رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کراوە.