کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: پێویستە سانسۆری سەر میدیاکان چڕتر بکرێتەوە

17:03 - 5 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: عەلی خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران لە بڕیارێکدا بە سەرکۆمار و بەرپرسانی رێژیمی راگەیاندووە کە دەبێ راگەیاندەنەکان زیاتر سانسۆر بکرێن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێبەری رێژیمی ئێران لەکۆریکدا رایگەیاندووە: دەبێ پێش بە بەرهەمە فەرهەنگییەکانی وەکوو شانۆ و نووسراوە کە لەگەڵ بنەماکانی ولایەتی فەقیهـ ناتەبان بگیردرێت.

ناوبراو لە بەشیکی دیکە قسەکانیدا بە روونی لەگەل ئازادیی فەرهەنگی و بیروڕا یا بە وتەی ناوبراو رهاسازی کاملی فرهنگی دژایەتی دەربڕیوە و رایگەیاندووە کە فەرهنگ دەبێ لەسەر بنەما و دروشمەکانی خومەینی و ئینقلابی ئیسلامی بەڕێوە بچێت.

خامنەیی رێبەری رێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە کە کێشەی ئابووری، نابێتە هۆی ئاڵۆزی فکر و کێشەیەکی گرینگ نییە، بەڵام کێشە فەرهەنگی خەو لە چاو دەستێنێت.

ناوبراو باسی لە کێشەی بێکاری لەئێراندا کردووە و و رایگەیاندووە کە دەسکەوتە ئابوورییەکانی دەوڵەتی روحانی بە بەراورد لەگەڵ کێشەی گەورەی ئابووری کە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە زۆر لاوازە و بەرپرسانی رێژیمی بۆ اقتصاد مقاومتی هان داوە و لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە هەر بەرنامەیەک کە لەگەڵ سیاسەتی ئابووری اقتصاد مقاومتی وێکچوونی نییە نابێت بەرپرسان کاری بۆ بکەن.

ئەو وتانەی رێبەری رێژیمی ئێران روو لە حەسەن روحانی لە کاتێک دایە کە سەرکۆماری ئێران لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە ئاوەڵایی فەزای سیاسیی وڵات دەکرد و وادە و بەڵێنی باشترکردنی دۆخی راگەیاندنەکانی دابوو.

باس‌کردن لە سانسۆر لەوڵاتی ئێراندا لەلایەن رێبەری رێژیم لە کاتێکدا دێتە گوڕێ کە بەپێی راپۆرتی کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانانی نیۆیۆرک، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەورانی سەرکۆماری حەسەن روحانی‌دا بە حەوتەمین وڵاتی جیهان لەبواری سانسۆردا دێتە ئەژمار کە ئەوە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر چاپەمەنی و راگەیاندەکانی ئەو وڵاتەیە.

لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن دامەزراوەی فریدۆم هاوس کە چاودێری لەسەر دۆخی ئازادیی راگەیاندەکاندا دەکات لە ساڵی رابردوودا رێژیمی ئیران لە نیوان ١٩٧ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٩٠ی هەیە و لەریزی وڵاتی بلارووس، کوبا، ئۆزبەکێستان، تورکمەنیستان، کۆرەی باکوور، گینەی ئۆستوایی و ئەریترە دایە.