کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی سپای پاسدارانی ئێران لە سووریە کوژرا

17:09 - 6 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: ئەندامێکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە ناوی ئەحمەد حەیاری لە لازقیەی سووریە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانی ١٣٩٤، ئەندامێکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوی، ئەحمەد حەیاری لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد کوژرا.

ئەم ئەندامەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران فەرماندەی گوردانی ئیمام حوسێن لە شاری شووش بووە.

جێگری فەرماندەی هێزەکانی بەسیج لە شاری شووش کوژرانی حەیاری پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە حەیاری لەم دواییانەدا بۆ سووریە نێردرابوو کە لە تێکهەڵچوونەکانی لازقیەدا کوژراوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە رێژیم، ئەمە ١١ـەمین ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیمە کە لەژێر ناوی پارێزەرانی حەرەم لە خوزستان لەسووریە کوژراوە.

هەروەها، جگە لە کوشتنی ئەم ئەندامەی سپای پاسدارانی رێژیم هەواڵنێرێکی رێژیم بە ناوی محەممەد حەسەن حوسێنی لە تێکهەڵچوونەکانی لازقیەدا بریندار بووە.

ئەم هێزانە لەگەڵ حیزبووڵڵای لوبنان لە چوارچێوەی گرووپە نیزامیەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی و لە ژێر ناوی پارێزەرانی حەرەمی زەینەب لە سووریە شان‌بەشانی هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد شەڕ دەکەن و رۆژانە چەندین کەس لەم هێزانەی رێژیم دەکوژرێن.

شەڕی نێوخۆیی سووریە کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە، رێژیمی ئێران وەک سەرەکیترین پشتیوانی رێژیمی بەشار ئەسەد، بەردەوام هێزی نیزامی بۆ سووریە ناردووە.

رێژیمی ئێران بەردەوام بە شێوەی فەرمی رایگەیاندووە، کە یارمەتی ماڵی و نیزامی بۆ رێژیمی سووریە دەنێرێت.