کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی بێکاریی لەئێران لەبەرز بوونەوە دایە

17:13 - 7 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: مەجلیسی رێژیمی ئێران لەراپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، هەتا ٥ ساڵی دیکە لە باشترین حاڵەتی گەشەی ئابووریدا، رێژەی بێکاران لە ٤ میلیۆن کەس تێپەڕ دەبێت و ئەوەی وەک قەیرانێکی گەورە بۆ دەسەڵاتدارنی رێژیم وەسف کردووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژەی بێکاری لە وڵاتی ئێران لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا، لەسەدا ١٦ تێپەڕ دەبێت و ئەوەش لەکاتێک دایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران باس لە رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دەکەن.

ئەو راپۆرتەی مەجلیسی رێژیم باسی لە بێکاری نزیک بە ٦ میلیۆن خوێندەوار کردووە کە لەماوەی ٨ ساڵی رابردوودا بە رێژەی بێکارانی ئەو وڵاتە پەیوەست بوونە و ئەوەش لەکاتێک دایە کە رەخساندنی هەلی کار بۆ لاوانی ئەو وڵاتە لەماوەی ساڵانی ١٣٨٥ هەتا ٩٣ بەردەوام رووی لەدابەزین دابووە.

بەرپرسانی رێژیم، ئەو رێژە بێکارییە بە هجوم ناودێر دەکەن و وەک مەترسییەکی گەروە بۆ سەر دەسەڵات لە قەڵەمی دەدەن.

لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە کۆی گشتیی ١٢ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار حەشیمەتی لاوی ئێران، ١١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیان خوێندەواری زانکۆکان بوونە.

ئەو ئامارەی مەجلیسی رێژیم تەنیا بێکاری ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کە هیچ کارێکیان نییە و بەپێی نۆرمەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنانەت یەک کاتژمێریشان کار نەکردووە.
رەبیعی، وەزیری کاری رێژیم ٢ ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە کێشەی بێکاری لەو وڵاتەدا هۆشداری داوە و رایگەیاند، ئەگەر بەرپرسانی رێژیم چارەسەرییەک بۆ ئەو قەیرانە نەدۆزنەوە رێژەی بێکاران دەبێتە ١٠میلیۆن کەس.

ئەو بەرپرسەی رێژیم دانی بەوەدا ناوە کە حەسەن روحانی قەیرانی بێکاریی لەوڵاتدا بۆ چارەسەر ناکرێت و ناتوانێ پێش بە بەرزبوونەوەی بێکاری بگرێت، چونکە هەر ئێستا ئەم رێژە بێکارییە پێویستی بە گەشەی ئابووری سەرووی لەسەدا ١٠یە، بە واتەویەکی دیکە ٣٥ میلیارد دولار سەرمایەگوزاری پێویستە.

هەروەها لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، باشترین کار بۆ چارەسەری بێکاریی لاوانی خوێندەوار ئەوەیە کە بۆ وڵاتانی رۆژئاوایان بەڕێ بکەین.

تەیب‌نیا وەزیری ئابووری رێژیم ماوەیەک پێش ئێستا بە ئاماژە بە دەرچوانی زانکۆکان رایگەیاندبوو کە نزیک بە ٨ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدوای کاردا دەگەڕێن.

قەیرانی بێکاری لەئێراندا لەکاتێک دایە کە حەسەن روحانی سەرکۆماری رێژیم لەسەرەتای هاتنەسەر کارییەوە باسی لەچارەسەری کێشەی کار دەکرد بەڵام هەنووکە بەرپرسانی رێژیم بە ئاشکرا، روحانی سەبارەت بەو وادە و بەڵێنیییەکانی ئیدانە دەکەن.

لەکاتێکدا کە مەجلیسی رێژیم قەیرانی بێکاری بەتایبەت لاوانی خوێندەوار بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر دەسەڵات وەسف دەکەن، رێبەری رێژیمی ئێران عەلی خامنەیی چەند رۆژ لەمەوبەر لەدیدارێکدا لەگەڵ حەسەن روحانی و بەرپرسانی رێژیم رایگەیاندبوو کە کێشەی ئابووری کێشەیەکی گەورە نییە و کێشەی فەرهەنگی خەو لە چاو دەستێنێت.