کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پارلمانی کوەیت رێژیمی ئێرانی بە دوژمنی راستەقینەی وڵاتانی ناوچەکە لە قەلەم‌دا

16:35 - 9 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیسۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی کوەیت لە پارلمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند کە رێژیمی ئێران دوژمنی راستەقینەی وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەیە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حەمەد ئەلهەرشانی سەرۆکی کۆمیسۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی ئەو وڵاتە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٣٩٤ لە بیانییەیەکدا رایگەیاند: بۆ هەمووی ئێمە روونە کە رێژیمی ئێران دوژمنێکە بۆ لەناوبردنی وڵاتان و سەرچاوەکانی ئێمە و دوژمنی راستەقینەی ناوچەکەیە.

ئەلهرشانی هەروەها وتوویەتی: تەقینەوەی رۆژی هەینی بەحرەین نموونەی بەرچاوی توندوتیژی رێژیمی ئێرانە.

شەوی هەینی رێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٤، تەقینەوەیەک لەپێتەختی وڵاتی بەحرەین رووی دا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، مەوادی تەقینەوەی بەکارهاتوو لەو کردەوە تیرۆریستییەدا لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە نێردراوە. 

لەو تەقینەوەیەدا پۆلیسێک و حەوت کەسی دیکە بە توندی بریندار بوون.

وەزیری ئیتلاعاتی بەحرەین رایگەیاند: مەوادی تەقینەوەی بەکارهاتوو لەو هێرشە تیرۆریستییەدا لەگەڵ ئەو مەوادەی کە لەئێران هاتبوو و مانگی رابردوو لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، وێکچوویەکی زۆریان هەیە.
حەمەد ئەلهەرشانی هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا رایگەیاند: ئێران خەریکی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە دایە و داوای لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە کرد هاوکاریی ئەمنییەتی خۆیان لە بەرانبەر ئێراندا پتەوتر بکەن.

تاران بەردەوام پشتیوانی گرووپە توندڕەوەکان دەکات و بە دابین‌کردنی چەک‌وچۆڵ بۆ ئەو گرووپانە ئەمنییەت و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکەی تێک داوە و ئەو دەستێوەردانانەی رێژیمیش بەردەوام رەخنەی توندی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتووتەوە.

لە کاتێکدا، ئێران بە هۆی پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد کەتووەتە بەر رەخنە و هەڕەشەی توندی وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە عەلی‌ئەکبەر ولایەتی راویژکاری عەلی خامنەیی رێبەری رێژیم لە کاروباری نێودەوڵەتیدا رایگەیاندووە: ئێران تا کۆتایی پشیوانی لە بەشار ئەسەد دەکات.

ئەو وتانەی ئەلهەرشانی لە کاتێک دایە کە محەممەدجەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیم لە سەفەری خۆی بۆ وڵاتی کوەیت پێوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەی باش و روو بە گەشە وەسف کرد.