کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فریوکاریی رێژیمی ئێران لەبۆکان سەبارەت بە تووشبوانی مادە سڕکەرەکان

16:43 - 9 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم لەشاری بۆکان دەستیان داوەتە کۆکردنەوەی تووشبوانی مادە سڕکەرەکان و بۆ شاری ئورمیەیان رەوانە دەکات.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەماوەی دوو حەفتەی رابردوودا بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەشاری بۆکان ئەو کەسانەی گیرۆدەی مادە سڕکەرەکان بوونە کۆیان دەکاتەوە و دەیانێرێتە کەمپی چاودێری لەشاری ئورمیە.

هاووڵاتییەک لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، رێژیم لەبەرانبەر ئەو کارەدا داوی پارەیەکی زۆر لەبنەماڵەکانیان دەکات، بەڵام بە هۆی ئەوەی بنەماڵەکانیان توانای دانی ئەو بڕە پارەیەیان نییە رێژیم ئەو کەسانەی بۆ بۆکان ناردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسانەی کە لەو کەمپەی شاری ئورمیە بۆ بۆکان نێردراونەتەوە، هەنووکە بە ئاشکرایی خەریکی کڕین و فرۆشتنی مادە سڕکەرەکانن.

ئەو کارانەی رێژیمی ئێران لەکاتێک دایە کە کێشەی گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت کوردستانی رۆژهەڵات هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و رۆژانە ئاسەوارە زیانبارەکانی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان بەرچاو دەکەون.

لەو پێوەندییەدا لەشاری سەردەشت چەندین لابراتواری بەرهەمهێنانی مادەی سڕکەری جۆری شیشە هەیە و رێژیم هیچ هەڵوێستیک بۆ کۆکردنەوەیان ناگرێتە بەر.
هەر لە شاری سەرەدەشت لابراتوارەکانی بەرهەمهێنانی شیشە کە بە ئاشپەزخانە ناسراون بە هۆی بێ‌هەڵوێستی کارەبەدەستانی رێژیم، ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و هاووڵاتییان رایانگەیاندووە کە ئەو لابراتوارانە لەژێر چاودێری و بە هاوکاریی بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامی رێژیم کار دەکەن.