کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارتێر: بژاردەی نیزامی دژی رێژیمی ئێران پاش رێککەوتنی ناوکی بەهێزتر دەبێت

14:42 - 14 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: ئەشتۆن کارتێر، وەزیری بەرگریی ئامریکا رایگەیاندووە کە دوای رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێران بژاردەی نیزامی دژی ئەو رێژیمە بەهێزتر دەبێت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای ئەوەیکە وەزیری بەرگریی ئامریکا رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ١٣٩٤، لەوتارێکدا لەرۆژنامەی یو ئێس تودێیدا بڵاوی کردەوە رایگەیاندووە: بەکارهێنانی بژاردەی نیزامی دژی رێژیمی ئێران دوای رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی جیهان بەهێزتر و کاریگەریشی زیاتر دەبێت.

کارتێر لەقسەکانیدا جەختی کردووەتەوە: بژاردەی نیزامی دژی ئێران لەسەر مێزە و ئەگەر پێویست بێت کەڵکی لێوەردەگرین.

دوای رێککەوتنی شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لەگەڵ رێژیمی ئێران بۆ چارەسەری پرسی ناوکیی ئەو رێژیمە لەرێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕدا بەرنامەی ناوکیی ئێران بەرتەسک کراوەتەوە و لەبەرانبەردا گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بەشێکیان لادەبردرێن.

ئەو رێککەوتنە بە بەرجام(برجام) ناسراوە کە کورت‌کراوەی بەرنامەی جامعی ئیقدامی موشتەرەکە.

ئەشتۆن کارتێر هەروەها رایگەیاندووە: بەڕێوەبردنی ئەو رێککەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەیکە هەموو رێگەکانی دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکیی بگیردرێت و بژاردەی نیزامی بژاردەیەکی راستییە و لەداهاتووشدا بەردەوام وەک خۆی دەمێنێتەوە.
وڵاتانی عەرەبی لەکار وکردەوەکانی رێژیمی ئێران لەناوچەکە نیگەرانن و لەو پێوەندییەدا پاشای عەرەبستان لە ئامریکا لەگەڵ ئۆباما لەسەر ئەو پرسە ئاڵوگٶڕی بیروڕا دەکات.

سەرکۆماری ئامریکا لەبارەی نیگەرانییەکانی وڵاتانی عەرەبی بەردەوام متمانەی پێداون کە پێش لەزێدەخوازییەکانی ئێران دەگرێت.

وڵاتانی دراوسێی ئێران لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەدا نیگەرانن و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا وڵاتی کوەیت چەندین جار سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ئێران لەو وڵاتە هۆشداری داوەتە بەرپرسانی باڵای ئێران و ئەو وڵاتە بە دوژمنی راستەقینەی وڵاتانی ناوچەکە وەسف کرد.

نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لەکاتێک دایە کە چەند رۆژ لەمەوبەر عەلی‌ئەکبەر ولایەتی راوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی رێبەری رێژیمی ئێران دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی لەبەشار ئەسەد دەکەین و تا کۆتایی لەگەڵ ئەو رێژیمە داین.