کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵنێرانی بێ‌سنوور سانسۆری ئینتێرنێتی لە ئێران مەحکووم کرد

16:54 - 20 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوی هەواڵنێڕانی بێ‌سنوور چڕترکردنەوەی سانسۆری ئینتێرنێتی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، بڕیاری ئەم دواییانەی رێبەری رێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی کە رایگەیاندووە، دەبێ ئینتێرنێتی میللی دابمەزرێت و ئینتێرنت زیاترسانسۆر بکریت، مەحکووم کردووە.

ئەو رێکخراوە هەروەها رایگەیاندووە، دوای هاتنەسەرکاری حەسەن روحانی سەرکۆماری رێژیم لەگەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاویدا، کۆنتڕۆڵی ئینتێرنێت لەئێراندا بووەتە بە پرسێکی جیددی و جێگای مشت‌ومڕی لەنێوان بەرپرسانی رێژیم‌دا.

ئەو رێکخراوە لەدرێژەدا رایگەیاندووە کە سانسۆری ئینتێرنێت لەئێراندا بە بیانووی پاراستی هاووڵاتییان و پرسە ئەخلاقییەکان بەڕێوە دەچێت.

عەلی خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران چەند رۆژ لەمەوبەر لەحوکمێکدا مەئمووریەتی شورای باڵای فەزای مەجازی بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە درێژکردەوە و ئەندامانی ئەو شوێنەی دیاری کرد.

ناوبراو لەحوکمەکەیدا بڕیاری دابوو بۆ دەبێ بەرپرسانی رێژیم بۆ پاراستن و ئەمنیەتی هەمەلایەنی دنیای مەجازی لەوڵات و پاراستنی کۆمەڵگا و پێشگرتن لەدەستێوەردانی بێگانەکان بە هەموو هێزوتوانا هەوڵ بدەن و دامەزراندنی ئینتێرنێت میللی لەهەموو کارەکانی دەوڵەتی روحانی بە پێویست‌تر زانی.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور جەختی کردووەتەوە لەمانگی گەلاوێژی ١٣٩٢دا کە حەسەن روحانی بووەتە سەرکۆماری رێژیم نزیک بە سەد هاووڵاتیی وێبنووس دەستبەسەر کروان و ژمارەیەک لەو کەسانە سزای قورسیان بۆ بڕاوەتەوە و زیاتری ئەو کەسانە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون.