کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعات گوشاری خستووەتە سەر چالاکانی سیاسی و بنەماڵەکانیان

17:14 - 23 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەرێگەی دەست و پێوەندییەکانیانەوە زەخت و گوشارییان خستووەتە سەر ئەندامانی حیزبی دێموکرات.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شارەکانی کوردستان مۆرەکانی سەر بەو ناوەندە ئەمنیەتییە لە رێگەی کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەوڵی چاوترسێن کردنی چالاکانی سیاسی و بنەماڵەکانیان دان.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان میدیا کەوتوون، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند کەسێک بە ناوی جۆراوجۆرەوە پێوەندییان بە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کردووە و لە هەوڵی ئەوەدابوون کە لە چالاکییەکانیان پاشگەزیان بکەنەوە.

یەکێک لەو مۆرانەی ئیتلاعات بە ناوی س. کەریمی بە بەردەوامی لە هەوڵی ئەوەدابووە کە بە هەڕەشە و چاوترسێن کردن، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئەرکەکانیان دڵسارد بکاتەوە.

لەو بارەیەوە ئەو مۆرەیەی ئیتلاعات هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر واز لە حیزب نەهێنن ئەوە بنەماڵەکانیان دەخەنە ژێر فشارەوە.

هەر لەو پێوەندیەدا چەندین بنەماڵەی حیزبیش لە کوردستان پێوەندییان پێوە کراوە و داوایان لێکراوە کە کوڕەکانیان لە حیزبی دێموکرات بکشێنەوە.

کەسێکی نزیکی یەکێک لەو بنەماڵانەی کە هەڕەشەی لێکراوە ئەوەی خستەڕوو، ئێمە بە ناچاری هەتا ئێستا چەندین ژمارە تەلەفوونمان لە ترسی کورتەنامەکان گۆڕیوە، بەڵام مۆرەکانی ئیتلاعات وازمان لێ ناهێنن.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، ئیدارەی ئیتلاعات لەچەندین حاڵەتدا بە کورتەنامەش نەوەستاوە و راستەوخۆ تەلەفوونی بۆ بنەماڵەکان کردووە.

ئەو بنەماڵە و پێشمەرگانەی کە هەڕەشەیان لێکراوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێوەندیان پێوە کراوە، هاوڕێ لەگەڵ ناوی ئەو مۆرانەی ئیتلاعات لای ماڵپەڕی کوردستان میدیا پارێزراوە.