کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان لەناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو

15:41 - 28 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٦ خەرمانان، ٢٣ـەمین ساڵڤەگەڕی تیرۆرکرانی د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، رێوڕەسمێک بە بەشداریی کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لەناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٧ خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێوڕەسمی ٢٦ خەرمانان لەناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئەو رێوڕەسمە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی \'\'ئەی رەقیب\'\' و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان \'\'ئەنوەر محەممەدزادە ئەندامی ناوەندی ٣ی کوردستان پەیامی \'\'ناوەندی ٣ی کوردستان\'\'ی پێشکەش کرد.

محەممەد زادە لەقسەکانیدا وتی: تیرۆکرانی دکتور قاسملوو خەسارێکی گەورە بوو کە لە جەستەی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لەکوردستانی رۆژهەڵات کەوت. بەڵام لێهاتوویی دکتور شەرەفکەندی جێگای دکتور قاسملووی لەحیزبی دێموکراتدا پڕ کردەوە و گڕوتینێکی تازەی بە حیزب بەخشی.

ناوبراو لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەماوەی دەسەڵاتی خۆیدا ٥٠ تیرۆری لەدەرەوەی وڵات دژی ئۆپۆزیسیۆن و جیابیرانی خۆی ئەنجام داوە کە بەرچاوترینان رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتانی ئورووپادا بووە کە بڕیاری ئەو تیرۆرانە، یەک لەوانە تیرۆری میکۆنوس، لەلایەن بەرپرسانی باڵای رێژیمە دەرکراوە.
دواتر پەخشانێک لەژێر ناوی شەهیدبوونی مانگ و رۆژ لەلایەن \'\'خالید پاریاد\'\'وە خوێندرایەوە.

لەبرگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سروودی شەهید لەلایەن کۆڕی موزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و گرووپی لاوانی ناوەندی ٣ی کوردستانەوە بە هاوکاریی بەشی پەروەدەی ئەو ناوەندە، پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

دوای پێشکەش‌کردنی ئەو سروودە، پەیامی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن \'\'ژیلا موستەئجیر\'\'وە خوێندرایەوە.

لەبڕگەی کۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا، سروودێکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی \'\'شەرەفکەندی\'\' لەلایەن کۆڕی موزیکی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.