کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو چالاکی خوێندکاری کورد لەتاران دەستبەسەر کران

17:40 - 28 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی خوێندکاری، دوو خوێندکاری کوردیان لەتاران دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، سیامەک ملامحەممەدی و مێهربان کشاوەرزخوێندکارانی کورد لەتاران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندووە کە سیامەک مەلا محەممەدی خەڵکی مەهاباد و مێهربان کشاوەرز خەڵکی مەریوانە.

هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم دوای هێرش کردنەسەر خانووی ئەو دوو خوێندکارە و شکاندنی قفڵ و دەرگای ژوورەکانیان ئەو خوێندکارانیان دەستبەسەر و کامپیوتێر و کەرستەی شەخسیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەرکران و چارەنووسی ئەو دوو خوێندکارە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکران، بانگهێشت و سەرکوتی چالاکانی خوێندکاری و مەدەنی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستی پێ‌کردووە.