کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبێکی لێکۆڵینەوەیی سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی سەدیق ئەنجیری‌ئازەر بڵاو کراویەوە+ وتووێژ

14:16 - 1 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کوردستان میدیا سەبارەت بە کتێبی لێکۆڵینەوەیی کە لەسەر ژیان و بەسەرهاتی سەدیق ئەنجیری‌ئازەر، لەلایەن دکتور یاسین سەردەشتیـەوە نووسراوە، لەگەڵ نووسەری ئەم کتێبە وتووێژێکی پێکهێناووە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

کوردستان میدیا: ئۆگری بەڕێزتان بۆ مێژووی سیاسیی کوردستان و رەهەندە شاراوەکانی لە‌چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟

یاسین سەردەشتی: ئێمە لەساڵی ١٩٨٨ـەوە بووینەتە خوێندکاری بەشی مێژوو لەزانکۆی سەلاحە‌دین و ئۆگریمان بە مێژوو لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ئێمە لەدوای قۆناغی ئامادەیی چووینە زانکۆ و لەکولێژی ئەندازیاری وازمان هێنا و ئارەزووی رشتەی مێژوومان کرد و لەساڵی ١٩٨٨ چووینە زانکۆی سەلاحەدین لەهەولێر و لەوێیەوە بایەخدان بە خوێندنەوەی مێژوو بە گشتیی و وەکوو مێژووی جیهان، مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها مێژووی کوردیش بە تایبەتی بە حوکمی ئەوەیکە کۆمەڵگای کوردیش، کۆمەڵگایەک بوو لەو قوناغەدا لەژێر داگیرکاریی رێژیمی بەعس دابوو و ئێمەش وەکوو خوێندکارێکی مێژوو حەزمان دەکرد لەگەڵ ئاگاداربوون لەمێژووی سیاسی وەکوو مێژووی جیهان بە گشتی، بایەخیش بە مێژووی کوردستان بدەین کە ئەوکات زۆر بە کەمی چەند کتێبێک هەبوون لەو قۆناخەدا و پاش تەواوکردنی زانکۆ کە بە یەکەم بووین، هەوڵماندا درێژە بە خوێندن بدەین فەوقی‌لیسانس بخوێنین و لەقوناخی فەوقی‌لیسانسدا ئێمە هەوڵماندا کەزیاتر بایەخ بە مێژووی کوردستان و بە تایبەتی لەرۆژهەڵاتی کوردستان کە کەمترین نووسینی مێژوویی لەسەر بوو لەو قۆناخەدا و بایەخی ئیمە بە نووسینی نامەیەکی ئاکادیمی سەبارەت بە مێژووی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان ساڵەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم، هەر لەو قۆناخەوە دەست پێدەکات کە لەساڵی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٤ بوو و ئێمە توانیمان نامەیەک لەو بوارە ئامادە بکەین و دوای ئەوە بە بەردەوامی ئێمە ببینە کەسێکی تایبەتمەند لەمێژووی نوێ بە گشتی و مێژووی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تایبەتی و لەو بوارەدا هەوڵمانداوە تەواوی کار لێکۆڵینەوەکانمان سەبارەت بەو بەشی کوردستان بێ لەو بوارەدا چەندین کار و کتێب و لێکۆڵینەوە و وتاری جیاجیامان نووسیوە سەبارەت بەو پرسە نادیار و شاراوانەی کە پێویستن لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت لەمێژووی سیاسیی کوردستان بە گشتی و مێژووی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

12188.jpg
دکتور یاسین سەردەشتی

کوردستان میدیا: ئێوە لەنوێترین کتێبی خۆتاندا پرژاونەتە سەر رووداوی بێسەروشوێنکرانی سەدیق ئەنجیری‌ئازەر لەکۆنە رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بە کورتی بۆمانی باس بکە کە ئەم تێکۆشەرە کێ بووە و چی بەسەر هات؟

یاسین سەردەشتی: سدیقی ئەنجیری‌ئازەر یەکێک لەتێکۆشەرە قەدیمییەکانی حیزبی دێموکرات لەسەردەمی دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە، ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە و پێشتریش ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک) بووە و ئەم کەسایەتییە لەسەردەمی کۆماردا مودیر مەسئوولی رۆژنامەیهاوار بوو کە بڵاوکراوەی هاواری نیشتمان بوو کە یەکێک لەرۆژنامە جیددی و رەخنەیانەی سەردەمی کۆمار بوو و چەند ژمارەیەکیان لێ بڵاوکراوەتەوە و بابەتی گرینگ و بایەخداریان تێدا هاتووە. ئەم کەسایەتییە جگە لەوەیکە لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا پێگە و شوێنێکی فەرهەنگیی تایبەت و گرینگی هەبوو، دوای ئەوەش رۆڵی زیندوو کردنەوەی حیزبی دێموکرات و دواتر سەربەخۆبوونی ئەو حیزبە و لەدواتردا لەحیزبی تودە و هەروەها لەقۆناخەکانیتری خەباتی حیزبی دێموکرات و تێکۆشانی کورددا رۆڵی هەبووە، جگە لەوەیکە لەتاران ئەم کەسایەتییە هەوڵی داوە تێکڵاوی کەسایەتیە فەرهەنگییەکان و تێگەیشتووەکان و خاوەن ناوبانگەکانی وەکوو نیما یوشیج و هەروەها جەلال ئالی‌ئەحمەد و کۆمەڵێک کەسایەتی‌تری بە ناوبانگ بێ، ئەمانەش ئەدیبی گەورەی ئێرانین و زیندووکەرەوەی فەرهەنگی ئێرانی و بە داهێنەرە ئەدیبە گەورەکانی ئێران دادەنرێن. لەقۆناخێکی دیکەدا سدیق ئەنجیری‌ئازەر تاران بەجێ‌دیڵی و دێتە کوردستان بۆ ئەوەی جارێکی‌تر دوای ئاڵۆزییەکانی ناوخۆییەکانی حیزبی دێموکرات هەوڵ بدات کە جارێکی دیکە حیزبی دێموکرات بخاتە سەر پێی خۆی و جارێکی‌تر پرەنسیپ و ژیانی حیزبایەتی نوێ بە شێوازێکی نوێ و فەرهەنگێکی نوێ دابڕێژێتەوە کە مەسەلەی دێموکراسی بوون پرەنسیپە حیزبییەکان و مەسەلەی پێشکەوتووخوازی تێدا بەرجستە بێ، بەداخەوە لەم هەوڵەیدا کە خەریک بوو کاری گەورە بکات و تێدا سەرکەوتوو بێ بەڵام لەقۆناخ و هەلومەرجێکی زۆر تەم‌ومژاوی و نادیاردا تێدا دەپەڕێت، یان بێ‌سەرشوێن دەکرێت. ئەو کارەی ئێمە، قسە کردنە لەوەیکە گرینگی ئەم کەسایەتییە و هەروەها دۆخی بێ‌سەروشوێن کردنی ئەم کەسایەتییە و چەند سەرەنجێک سەبارەت بە بێ‌سەروشوێن‌کردنی کە جێگەی پرسیارە بۆ ئێمە ئەوەیکە ئەم کەسایەتییە بخرێتە بەر تیشکی مێژوو و گرینگی و بایەخ و رۆڵ و کەسایەتییەکەی و دۆخی بێ‌سەروشوێن کردنەکانیشی تۆمار بکرێن. لەمێژوودا بۆ ئەوەی بکرێتە بنەمایەک کە لەداهاتوودا لەبیر نەکرێت و هەروەها ئەو مەزڵوومیەتەی بە سەری هاتوو بەشێک لەوەفایەک بۆ کەسایەتی و رۆڵی بخرێتەوە بەرچاو و هەروەها دەکرێت بۆ چەسپاندنی عەداڵەتیش کە سەرلە نوێ بە کێشەکەیدا یا خۆد بە چۆنیەتی بێ‌سەروشوێن کردنەکەیدا بچینەوە بۆ ئەوەیکە ئەوانەی کە دەستیان هەبوو لەو تاوانەدا لەرووی مێژووییەوە یا لەرووی ئەخلاقیەوە یان ئینسانی دیکەوە بێت، ئاشکرا بکرێن و لەکۆمەڵگای کوردی‌دا شەرمەزار بکرێن و بۆ ئەوەی ئەو تاوانە چی دی دووبارە نەبنەوە و لەئایندەدا هیچ لایەنێک، گرووپێک یا کەسایەتییەک هەوڵی ئەوە نەدا کە ئەم جۆرە کارانە لەمێژووی کورددا بەرێتە پێش و هەوڵ بدرێت ململانێکان و کێشەکان لەئایندەدا بە شێوەی مەدەنی بن و ئەو قۆناخە مێژووییە بە تەواوەتی بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

کوردستان میدیا: لەم لێکۆڵینەوەیەدا باستان لە تەسفیەی سیاسی کردووە، مەبەست لەم دەستەواژەیە چییە لەکەیسی شەهید سەدیق ئەنجیری‌ئازەردا؟ یانی ساواکی رێژیمی پاشایەتی دەستی لەم تیرۆرە نەبووە؟

یاسین سەردەشتی: مەسەلەی تەسفیەی سیاسی واتە لەناوبردنی کەسایەتییەک یان گرووپێک بە ئامانجێکی سیاسی، ئێمە مەبەستمان لەو چەمکەی ئەوەیە سدیقی ئەنجیری‌ئازەر لەرووداوێکی بێ‌سەروشوێن کردندا لەناو براوە کە ئەم رووداوە زیاتر لە ٥٠ساڵە بە سەریدا تێدەپەڕێ. هەوڵ نەدراوە تیشک بخرێتە سەر بێ‌سەروشوێن کەرەکاندا و بواری دادپەروەریی ئەم کەسایەتییە. کەیسەکەی وەکوو کەسێکی مەزڵووم و زۆڵم لێکراوە بەجێ ماوەتەوە و بە بێ ئەوەی دادپەروەریی بە دوای کەیسەکەیدا بڕوات. تەسفیەی سیاسی دیارە سدیق ئەنجیری کەسێک بووە بۆ خۆی خۆکوژی نەکردووە یا بە دەستی خۆی، خۆی لەناو بردبێ و لەحاڵەتێکی کێشەی کۆمەڵایەتی یان حاڵەتی ململانێی کۆمەڵایەتی بێ یان لەکێشەیەکی ئاساییدا لەلایەن کەسێکەوە لەناو برابێ، بەڵکوو کێشەی ئەم بێ‌سەروشوێن کردنە وەکوو کەسایەتییەکی ناسراو و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبێکی سیاسی کوردستانی کە لەکوردستانی باشووردا هەوڵی ئەوەی داوە جارێکی دیکە حیزب رێکبخاتەوە و لەچوارچێوەیەکی گونجاوتردا بیخاتە سەر پێ، لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا سەر بەنیست و بێ سەرشوێن کراوە و بۆ ئەو ئامانجەی کە گورزێکی گەورە لەحیزبی دێموکرات بدرێت و هەوڵ بدرێت کە وەکوو لەمپەرێکی سیاسی لەبەردەم ئەو جیهەتەی کە بێ‌سەروشوێنی کردووە و هەر بۆیە ئێمە بە تەسفیەی سیاسیمان داناوە. بە بۆچوونی ئێمە هەر کاتێک رێژیمی شاهەنشاهی لەقۆناخەکانی سەرەتاییدا توانی نەیارەکانی خۆی لەئێراندا تەسفیە بکا، سێجار پەلاماری حیزبی دێموکراتی لە ساڵەکانی ١٩٥٩ و ٦٠ داوە و دواتریش، پاش ئەوەی حیزبی دێموکراتی لەکوردستانی ئێرانی لاواز کرد هەوڵی‌دا کە گورزی گەورە لەحیزب بوەشێنێ لەناوچەکانی باشووری کوردستان کە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی کوردستان بوو لەو قۆناخەدا بەهۆی نزیک بوونەوەی پێوەندییەکانی شۆڕش و رێژیمی شاهەنشاهییەوە دەرگایەکی گەورە لەبەردەستی ئاوەڵا بوو کە بتوانێ سەرکردەکانی حیزبی دێموکرات بکاتە ئامانج، چۆن لەنەوەدەکانی سەدەی بیست‌دا رێژیمی ئێران هەوڵیدا ئاڵۆزییەکانی کوردستانی باشوور بقوزێتەوە، لەعێراق هەوڵ بدا تیرۆری سیاسی بەرێ بکات و سەرکردەکانی دێموکرات لەباشووری کوردستان بکاتە ئامانج. ئێمە دەبینین جارێکی دیکە مێژوو خۆی دووبارە کردوەتەوە لەقۆناخەکانی دواتردا، کەواتە ئەم بێ‌سەروشوێن کردنە مەسەڵەیەک دوای ٥٠ساڵێش وردەکاریەکانی دیار نیین و کاری جیددی لەسەر ناکرێ بە ئامانجێکی سیاسییەوە، لەو تەسفیەیە، بۆیە ئێمە ناوی چەمکی تەسفیەی سیاسیمان بەکار هێناوە، جا ئەو تەسفیە سیاسییە لەناو ململانێ جەناحگەرایی ناوخۆی حیزب بێت یا خۆد پڵانێکی دەرەکی بێ لەلایەن رێژیمی شاهەنشاهی و هێزێکی ناوخۆی باشووری کوردستانە، بەوشێوەیە کە لەلێکۆڵینەوەکەی ئێمە هاتووە قسەی لە سەر کراوە.

کوردستان میدیا: بێ‌سەروشوێنکرانی سەدیق ئەنجیری‌ئازەر تا چەند لەناو کانتێکست( CONTEXT)ی روداوەکانی شۆرشی ئەیلول و دەستێوەردانی شای ئێران جێدەگرن؟

یاسین سەردەشتی: ئەگەر ئێمە تەماشای ئەو شایەتحاڵانە بکەین کە ئێمە لەبەشی دووهەمی کتێبەکەدا باسمان کردووە هەر هەموویان باسیان لەو دۆخەئاڵۆزەی باشووری کوردستان کردووە، هەر هەموویان باسیان لەوە کردووە لەو دۆخە و قۆناخەدا نزیک بوونەوەیەکی زۆر توندی دەسەڵاتداریەتی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ رێژیمی شاهەنشاهی وجوودی هەبووە و هەر هەموویان باسی ئەوە دەکەن و دۆخی حیزبی دێموکرات چووتە دۆخی ئاڵۆزە و سەرکردەکانی کەوتوونەتە بەر هەڕەشە و پەڵاماری فەرماندە سەربازییەکان. هەموویان باسی ئەوەیان کردووە کە دۆخی حیزب لەو قۆناخە لەژێر چ فشار و پەڵامار و ترسێکدا بووە، بێ گومان لەم جۆرە دۆخانەدا ئێمە دەبینین دەزگای تیرۆریستەکانی دەوڵەتی شاهەنشاهی کە ئەوانەی هەم لەناو خۆی حیزبدا توانیانە رخنە بکەن و وجوودیان هەبێ و هەم لەناو شۆڕشی کوردستانیش کەسایەتی زۆر گەورە پشتگیریان کردوون و چاویان لەچالاکییەکانیان نوقاندووە لەبەر ئەوە پێوەندییەکانیان پتەوتر بوو بێ. لەو دۆخەدا ئێمە دەبینین کە زۆر ئاساییە نەک هەر بە تەنها کەسایەتییەکی وەک سدیقی ئەنجیری‌ئازەر بەڵکوو دواتر ئەو کەسایەتییانەی‌تریش کە بە دوای چارەنووسی سدیق ئەنجیری‌ئازەر وێڵ بوون وەکوو سلێمان موعینی، مەلا رەحیمی وێردی و مونتەقیم قازی و ئەوانەش هەموویان کەوتنە بەر پەڵامار و سەربەنیست کردن و لەناو بردن و تەسلیم کردنەوەی تەرمەکانیان بە شاهنشای ئێران حاڵەتێک نیە لە مێژوودا شتێکی شاراوە بێت بەڵکوو چەندین کتێب و چەندین بەڵگەنامە و چەندین نووسراوە ئەو راستیەیان دووپات کردوەتەوە و ئێمەش بە دووری نازانین کە ئەو مەسەلەیە تەنها شتێک نەبێت پەیوەندیی بە شەخسێکی دیاری کراوەی ناو حیزب و ململانێیەکەوە هەبێ بەڵکوو لەدەرەوەی ئەوەش دەستی جیاواز هەبێ و پلانی جیاواز هەبێ و ئەوە نزیکەی نیو سەدە تێپەڕ دەبێ بە سەر ئەو تاوانە گەورەیەدا هێشتا وردەکارییەکانی روون نیە و بە بڕوای ئێمە مەسەلەی تیرۆرکردنی کەسایەتییەکی بەو شێوەی سدیقی ئەنجیری‌ئازەر هیچ کەسێک ناتوانێ بۆ ئەو ماوە زۆرە ئەو پڵانە بشارێتەوە و ئاسەوارەکانی لەبەین بەرێ و ئەگەر بێت و حاڵەتی کوشتنەکە شتێکی بەرفراوانتر و گشتگیتر نەبێ و وەکوو ئەوە لەلێکۆڵینەوەکەدا هاتووە.

کوردستان میدیا: پێت وایە لەدوای ئەو هەموو ساڵەدا، بڕیاردەران ‌و ئەنجامدەرانی دیار(معلوم) بن؟

یاسین سەردەشتی: بۆ ناساندنی تاوانباران پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تاوانکارییە کە دەزگا پێوەندیدارەکان دەبێ کاری لەسەر بکەن و بەڵگەی لەسەر کۆ بکەنەوە و هەوڵ بدەن کە ئەو بەڵگانە بخەنە بەر چاوی دادوەر و لێکۆلێنەوەیەکی بێ لایەنانە و بەر فراوان بکرێن و زۆر ئاساییە لەزۆربەی حاڵەتەکان تەنانەت لەحاڵاتی ئاسایشدا بە مردنی قوربانی زۆرجار ئەو تاوانانەی وەکوو قەتڵ یا تاوانی گەورەن خەیانەتی مەزن ئەوانە کۆتایی بە دوسیەکە ناهێنێت بەڵکوو دوسیەکە دەهێڵێتەوە تەنانەت ئێستا بە هۆی ئامێری پێشکەوتووی گەڕان دەتوانن لەهێندێک حاڵەتی کوشتن ئەو شتانە بدۆزنەوە کە سەدان ساڵ لەمەو پێش قوربانییەکانی سەریان تێدا چووە، جا چ کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی وەک سدیق ئەنجیری‌ئازەر، خاوەن قەڵەم وەکوو سدیق ئەنجیری‌ئازەر کە ٥٠ساڵە لەبەین چووە دەگونجێ هێندێک لەوانە بەشداربوون لەو تاوانکارییە نەمابن و هێندێکیان لەژیان‌دا مابن و هێندێک کەس بیرەوەری هەبێ سەبارەت بەو مەسەلانە زۆر ئاساییە ئەو نووسینەی ئێمە بۆ یەکەم جارە کە دۆسیەیەک هەیە بە ناوی سدیق ئەنجیری‌ئازەر و تاوانی لێکراوە لەمێژوودا و ئەم تاوانە چەسپاوە و سدیق کەسایەتییەک بووە، کە لەکەسایەتییە سیاسییەکەی‌دا لەناو براوە و هیچ دادپەروەرییەک کەیسی لەناوبردنەوەکەی نەهێنراوەتە، بوون و تەحقیقی لێنەکراوە و دەتوانرێ جیهاتی رەسمی پاش ئەوەیکە ئیبلاغی ئەو تاوانکارییە بتوانێ دەعوا تەقدیم بکات و بتوانێ سەر لەنوێ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەو مەسەلانە بکرێ و ئەوانەی پێشووتر کراون و ئەوەی خودی حیزب کردوویەتی و ئەوەی لەناو شۆڕشی ئەیلوول کراوە و مەسەلەن ئەو مەلەفانەی لەشوێنی‌تر هەن کە خەڵک دەستیان پێی بکا، دەکرێ بڵاو بکرێنەوە کاریان پێی بکرێ ئەوانە شتێک نین بە راستی هیچ نەبێ با لەرووی ئینسانی و لەرووی ئیخلاقی و لەرووی مەعنەویەوە هەوڵ بدرێ، ئەگەر ئەو کەسانەش نەمابن دەستیان لەتاوانکارییەکە هەیە لەرووی مێژووییەوە سەرزەنشت بکرێن وحوکمی مێژوویان بەسەردا بچەسپێنرێت بۆ ئەوەیکە لەداهاتوودا ئەو شتانە ببنە ئەساس لەفەرهەنگی ئەم میللەتەی ئێمەدا کە هیچ کەسێک بە خۆڕایی و بە مەزڵووم لەناو نەبرێ و لەزرووفی نائاساییدا ژیانی هیچ کەسێک نەخرێتە خەتەرەوە و هیچ کەسێک لەپێناوی بەرژەوەندی گروپێک، تاکەکەسێک و لایەنێکی سیاسییدا نەکرێتە قوربانی بە بێگانە نەفرۆشێت.

کوردستان میدیا: کتێبەکە وەک رێبازێکی زانستی، ئەنجامگیری لەکۆی رووداوەکانی بۆ خوێنەر بەجێهێشتووە. خۆتان چ دەرئەنجامێک لەو قسەو بەڵگانە هەڵدەهێنجێنن؟

یاسین سەرەشتی: ئێمە لەبەشی سێهەمی لێکۆڵینەوەکەماندا کە باسی گرینگی کتێبەکەمانە چەند سەرەنجێکمان لەسەر ئەو پرسانە دەربڕیوە و ئێمە وەک مێژوونووس کارمان کردووە، تۆمەتبارکردنی لایەنێک یاخود ناساندنی لایەنێک بە تاوانکار لەو مەسەلانەیە زیاتر ئەرکی دەزگایەکی تەحقیقی تاوانکارییە وئەرکی مێژوونووسێک نیە.

هێندێک دیکۆمێنت لەدوای دووساڵ کەسایەتییەکی بەرزی ناو شۆڕشی کورد و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بە تاوانبار دەزانن هەموو ئەو شتانە پێویستە، ئێمە تەنها کۆمەڵێک بەڵگەنامەمان خستووەتە بەر دەست پرسیارمان ورووژاندووە و ئەمە ئیشی جەهەتێکی تەحقیقی جینایەکاری لەسەر بکات، بەڵام ئێمە بە گشتی پێمان وایە کە تەنها ئەو جۆرە تاوانکردنە وەک تەسفیەی سیاسی بە تەنها ئیشی تاکەکەسێک نیە و شاردنەوی ئاسەواری تاوانکەش و بەدوادانەچوون و رانەگەیاندنی تەحقیقاتەکان و هەموو ئەو شتانە پێمان دەڵێ کە ئەم مەسەلەیە لەپیلانێکی بەرفراوانتر لەوە هەیە و زۆر دوور نیە و تەبعەن ئەو پیلانە لەناوچەیەدا کراوە ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلوول‌دا بووە کە لەرووی قانوونی و لەرووی سیاسی و لەهەموو روویەکی ئەخلاقیەوە کە ئەوان بەرپرسیارن لەبەدواداچوونی ئەو جۆرە تاوانە و راگەیاندنی تاوانکاران لەناوچەکەی خۆیاندا یەعنی چوون لەماڵی هەر کەسێکدا رووداوێک بقەومێ خاوەنی ئەو ماڵە ئاگادارە بۆ خۆی لەو حاڵەتەدا، بەڵام ئێمە ئەو حاڵەتەمان بە واهی بەجێهێشتوەتەوە بۆ ئەوەیکە خودی خوێنەر هەوڵی ئەوە بدات کە دوای خوێندنەوەی ئەو شایەتعالانە و سەرنجدانە شتێکی زیاتری لەلا گەڵاڵە بێ و لەئایندەدا دەکرێت یانی خەڵکانی دیکە هەبن لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو شتە هەبن، بیربۆچوونی خۆیان دەرببڕن و تەحدیدی لایەنی دیاریکراو بکەن و تەحقیقی جینایی بکرێ و بتوانرێ لایەنی تاوانکار ئەنجام بدرێ کە کێ لەپشتیەوە بووە، چوونکە بە تەنها لەقەزییەی سدیقی ئەنجیری‌ئازەر تاوانکار هەر ئەوە نیەکە تاوانەکەی کردووە بەڵکوو ئەوەی لە پشتی تاوانکەوەییە بەرنامەی بۆ داناوە و هەلومەرجەکەی بۆ رێکخستووە و ئاسەوارەکانی شاردوەتەوە و نەچووە بە دەم ئەو بەلاغانەیەکە ئاگادار کراونەتەوە لەحاڵەتی تاوانیکی واو بۆ ماوەی ٥٠ساڵ ئەم شتە پشت کوێخراوە کە ئەمانە هەر هەمووی هەیە.

کوردستان میدیا: دوا کار و پرۆژەی نووسینی ئێوە سەبارەت بە چییە؟

یاسین سەردەشتی: کاتی خۆی کاک جەمیلی مەردۆخ هەبوو کە یەکێک لەرێبەرەکانی حیزبی دێموکرات لەسەرەتای شۆڕشی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا دابوو، بەڕاستی ماوەیەکە خەریکی رێکخستنی بیرەوەرییەکانی ئەو بووم، لەداهاتوودا بە نیازم بیرەوەرییەکانی جەمیلی مەردۆخ ئەوەیش گوشەیەک لەمێژووی شاراوەی و دەرنەکەوتووی حیزبی دێموکرات و قۆناخی خەباتی ساڵانی شەستەکانی روون دەکاتەوە و لانیکەم بیکەینە کتێبێک و هەوڵ بدەین بە زووترین کات لەتۆڕە ئەلکتروونییەکان بڵاوی بکەینەوە بەڕاستی ئەوەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین زیاتر گەڕانە بەدوای قۆناخە شاراوەکان، رووداوە دەست لێنەدراوەکان ئەو شتانەی کە گرینگن کە هەم تەواو کردنی ئەو بۆشایانەی لەمێژووی رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات‌دا هەیە و هەم بایەخ دان بە مەسەلە گرینگەکانیتر، بەڵی، خەریکی ئەو کارەین ئینشائەڵڵا لەئایندەدا هەوڵی ئەوە ئەدەین بیخەینە پێش چاوی خوێنەران.

دوکتور یاسین سەردەشتی کوڕی حاجی خالیدی‌مەلاحەسەنی‌مەلا مارف، نەوەی (ابن‌الحاج)ـە کە لەئالانی سەردەشت لەکوردستانی رۆژهەڵات لەدایک بووە و قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لەشاری سلێمانی لەکوردستانی باشوور تەواو کردووە.

دوکتور سەردەشتی لەساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی لەبەشی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین بە پلەی یەکەم، کۆلێجی تەواو کردووە.
لەساڵی ١٣٧٤ی هەتاوید لەهەمان بەشدا بەسەرپەرشتی دوکتور ئەحمەدعوسمان ئەبوبەکر کارناسی باڵای لەمێژووی نوێی کورددا و لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاویدا بڕوانامەی دکتۆرای لەمێژووی نوێی کوردا وەگرت.

دوکتور یاسین سەردەشتی ساڵ ١٣٨١ی هەتاوی گەڕاوەتە و شاری سلێمانی و لە ماوەی ساڵەکانی ٨٤ ــ ١٣٨٣ سەرۆکی بەشی مێژووی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانییە بووە.

ناوبراو هەتا ئێستا چەندین کتێبی نووسیوە و چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
لینکی کتێبەکە