کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی بەڕێز مستەفا هیجری بە بۆنەی رووداوی جێژنی قوربانەوە

23:47 - 4 رەزبەر 2715

بە بۆنەی رووداوەکەی حەجی ئەمساڵ کە کوژران و بریندار بوونی سەدان کەس و بەتایبەت دەیان حاجیی خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵاتی لێ کەوتەوە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی قوربانیانی رووداوە کرد.

دەقی پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز،
لە کاتی بەجێهێنانی رێورەسمی ئایینیی حەج و جێژنی قوربانی ئەمساڵ لە شاری مەککەدا، بەداخەوە بەسەدان کەس لە حاجیان بەهۆی قەرەباڵغی و هرووژمی حەشیمەتەوە، بوونە قوربانی و بەم کارەساتە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو حاجیانە و دۆستان و خزمانیان داخداربووون و جێژنیان لێ شێواو ماتەمینی خەڵکی بەدواوە بوو.
لە نێو ئەو ژمارە زۆرە لە قوربانیان و بێ سەروشوێن بوواندا، چەند سەد کەس لە حاجیانی ئێرانیی تێدایە کە دەیان کەسیان کوردی کوردستانی خۆرهەڵات و بەتایبەت لە دانیشتوانی شاری مەهابادن.
وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان لەو رووداوە دڵتەزێنە، سەرەخۆشی لەو بنەماڵانە دەکەین کە خۆشەویستێکی خۆیان لەدەست داوە یان ئازیزێکیان بریندار و یان بێ سەروشوێن بووە.
بەتایبەت سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین کە لەم کارەساتە داخدار بوون، رۆحی قوربانیانی ئەو رووداوە بە بەهەشتی بەرین شاد بێ.
هیوای هەرچی زووتر ساڕێژبوونەوەی برینی بریندارەکان دەخوازین و هیوادارین هەرچی زووتر هەواڵی سەلامەتیی بێ سەرو شوێنەکان، خۆشی بخاتە دڵی بنەماڵە و دۆستانیانەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٤/٧/١٣٩٤
٢٦/٩/٢٠١٥