کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموكرات لە سەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی كرێكاری بریتانیا لە كۆنفڕانسی ساڵانەی ئەو حیزبەدا بەشداری كرد

21:11 - 9 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: كۆنفڕانسی ساڵانەی حیزبی كرێكار لە برایتۆن بە دروشمی:قسەی ڕاست، سیاسەتی ڕاستگۆیانە بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە ‌كەسایەتییە سیاسییە ‌ناودارەكانی بریتانیا و نوێنەر و باڵوێزی ژمارەیەك لە ‌وڵاتان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ڕۆژانی دووشەممە ‌و سێشەممە ڕێكەوتی ٦ و ٧ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، نوێنەرایەتی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا، بە سەرپەرستی ئاكام ڕەحیمی، بە پێی بانگهێشتی فەرمیی حیزبی كرێكاری بریتانیا لە كۆنفڕانسی ساڵانەی ئەو حیزبەدا بەشداری كرد.

جێرێمی كۆربین، سەرۆكی تازەی حیزبی كرێكار لەم كۆنفرانسەدا باسێكی پێشكەش كرد و لە قسەكانیدا جەختی كردەوە، حیزبەكەی پشتگیری لە مافی مرۆڤ دەكات. ناوبراو لە قسەكانی‏دا بایەخی تایبەتی بە تێكۆشان لە ڕێگای بەدیهێنانی ئازادی و دێموكراسی دا.

لەو كۆنفرانسەدا شاندی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكرات لە چەندین كۆبوونەوەی پێوەندیدار لە ‌سەر سیاسەتی دەرەوەی حیزبی كرێكار و بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری كرد و لەگەڵ بەشداراندا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.

حیزبی كرێكار، یەكێك لە حیزبە سۆسیال دێموكراتە چەپە میانەڕەوەكان و یەكێك لە ‌حیزبە سەرەكیەكانی بریتانیایە ‌و لە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی‌دا دامەزراوە، هەنووكە ئەو حیزبە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لە ‌سەر بڕیارەكانی بریتانیا بەتایبەتی لە ‌پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ‌‌هەیە و لەم چەند مانگەی دواییدا بە سەرۆكایەتی جێرێمی كۆربین جەماوەرێكی زۆری بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە.

هەروەها لەو كۆنفڕانسەدا، نوێنەری حیزبی دێموكرات پەیامی پیرۆزبایی مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی بە جێرێمی كۆربین سەرۆكی نوێی حیزبی كرێكاری بریتانیا گەیاند.