کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆڕیادێك لە وڵاتی سوویس بۆ شەهیدانی میكۆنوس بەڕێوە چوو

21:50 - 9 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس بە هاوكاریی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكرات لەو وڵاتە، كۆڕیادێكی لەژێر ناوی كاریگەریی شێعر و ئەدەبیاتی موقاومەتی لە جووڵانەوەی كورددا، بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٣ـەمین ساڵڕۆژی تیرۆری د.سادق شەرەفكەندی و هاوڕێیانی لە ڕێستۆرانی میكۆنوسی شاری بێرلین لە وڵاتی ئاڵمان لە لایەن تیرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس بە هاوكاریی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس، ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، كۆڕیادێكی لەژێر ناوی كاریگەریی شێعر و ئەدەبیاتی موقاومەتی لەجووڵانەوەی كورد بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بۆ بەڕێز فەرەیدوون ئەرشەدی نووسەر و شاعیر، بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەویی ئەی ڕەقیب و خۆلەكێك بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد.

پاشان كامران ڕەسوڵی بەرپرسی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكرات لە وڵاتی سوویس بەو بۆنەوە وتەیەكی پێشكەش بە بەشدارنی ڕێوڕەسمە كرد.

دواتر، پەیامی یەكیەتی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، لە لایەن ڕامیار خادەمیـیەوە پێشكەش كرا.

پاشان شاعیر و نوسەر فەرەیدوون ئەرشەدی باسێكی وردی لەمەڕ كاریگەریی شێعر و ئەدەبیاتی كوردی لە بزاڤی ئازادیخوازی كورد پێشكەش بە بەشداربووان كرد.

ناوبراو لە سەرەتای باسەكەیدا ئەدەبیاتی موقاوەمەتیبە دوو قۆناغ دابەش كرد، یەكەم سەردەمی كۆماری كوردستان و دووهەم، سەردەمی پاش كۆماری كوردستان تا ئیمڕۆكە.

ئەرشەدی لە درێژەی باسەكەیدا ئاماژەی بە ڕۆل و پێگەی هەموو ئەو شاعیر و نوسەرانە كرد كە ڕۆڵیان هەبووە لە بونیادنانی شێعر و ئەدەبیاتی مۆقاوەمەتی لە ناو جوڵانەوەی كورددا، لەو پێوەندییەدا ناوبراو ئاماژەی بە بەرهەمی كەسانێك وەك سوارەی ئیلخانی‌زادە و هێمن و كۆمەڵێك لە شاعیر و نوسەرانی ئەو سەردەمە دا.

بەشێكی دیكەی ئەو كۆڕیادە بۆ وەڵام و پرسیاری بەشداربوان تەرخان كرابوو كە لە لایەن فەرەیدوون ئەرشەدیەوە وەڵامیان درایەوە.

ئەو كۆڕیادە بە خوێندنەوەی چەند پارچە شێعرێك لە لایەن فەرەیدوون ئەرشەدیەوە كۆتایی پێهات.