کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرزاد فەرهەنگیان:شەش ئەفسەری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەنجامدەری ڕووداوی مێنا بوون

21:42 - 12 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: پاش ڕووداوی حەجی ئەمساڵ لە مێنا كە بە هۆی قەرەباڵغی حاجییەكان، چەند هەزار كەس گیانیان لە دەست‌دا، ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە وڵاتی سعوودیە كرد كە بەرپرسایەتی ئەو ڕووداوە وەئەستۆ بگرێت.

لە كاتێكدا كە بەرپرسانی سیاسی و نیزامی ڕێژیمی ئێران و لەسەرووی هەموانەوە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، هەڕەشە لە وڵاتی عەرەبستان دەكەن كە ئەو وڵاتە بەرپرسیارەتی ئەو ڕووداوە وەئەستۆ بگرێت، دیپلۆماتێكی پێشووی ئێران لە زاری چەند سەرچاوەیەكی نیزیك لە خۆیەوە ڕایگەیاند كە ٦ كەس لە ئەفسەرانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هۆكاری ڕوودانی كارەساتی مێنا بوونە.

فەرزاد فەرهەنگیان دیپلۆماتی پێشووی ئێران ڕایگەیاندووە: پێش دەسپێكی ڕێوڕەسمەكانی حەج، بەنیسبەت ئامادەكارییەكان بۆ كردەوەی تیرۆریستیی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هۆشداریم دابوو.

فەرهەنگیان لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاندووە: ئەو ڕووداوەی لە مێنا ڕووی دا، كردەوەیەكی تیرۆریستی بوو، زیاتر لە ٥ هەزار ئەندامی سپای پاسداران لە نێو حاجییەكان‏دا بوونە.

عادڵ سەیدجەواد مووسەوی، فەرماندەی لەشكری عاشوورا لە یەكە میلیشاكانی بەسیجی ڕێژیم، عەبدولباری مستەفابەختی، فەرماندەی ناوەندی بارهێنانی زانكۆی ئیمام لە كۆشكی سەعدئاباد لە باكووری تاران، مستەفا نەعیم عەبدولباری ڕەزەوی، محەممە سەید عەبدوڵڵا، سالم سەباح‌عاشوور و كازم عەبدولزەهرا خرەدمەندان ئەو ئەفسەرانەی سپای پاسدارانی ڕێژیم بوون كە هۆكاری ڕوودانی كارەساتی مێنا بوونە.

ئەو كەسانەی سپای پاسداران لە فەرماندە پلەبەرزەكانی یەكەی ٤٠٠ بەئەژمار دێن كە مەئمووریەتەكانی دەرەوەی سپای پاسداران و دەفتەری ڕێژیمیان لە ئەستۆیە.

پاش ڕووداوی حەجی ئەمساڵ، بەرپرسانی پایەبەرزی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە وڵاتی عەرەبستان كرد كە ئەو وڵاتە تاوانی ئەو كارەساتە دەداتەوە و عەلی خامنەیی هۆشداریی داوە كە ئەگەر سعوودیە ئەركی خۆی بۆ ڕادەست‌كردنەوەی ئەو حاجییە ئێرانیانە كە گیانیان لەدەست داوە بە باشی بەجێ نەگەێنێت لەگەڵ كردەوەی سەخت و توندی ئێمە بەرەڕوو دەبێتەوە.

حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بكات زمانی توند و تیژ دژ بە سعوودیە بەكار دێنین.

هەروەها فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندووە، سپا تۆڵەی ئەو جینایەتە لە ئالی سعوود دەستێنێتەوە و ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ تۆڵە سەندنەوە لە سعوودیە ئەنجام داوە و چاوەڕوانی بڕیاری ڕێبەرین.