کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسێرتێک بۆ پشتیوانی لە ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس بەڕێوە چوو

22:15 - 14 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: هونەرمەندانی کورد بە مەبەستی پشتیوانیی ماڵی لە ئەنیستیتۆی کورد لە فەرانسە، کۆنسێرتێکیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، بە مەبەستی پشتیوانیی ماڵی لە ئەنیستیتۆی کورد لە پێتەختی فەرانسە کۆنسێرتێکی هونەری لە لایەن هونەرمەندانی کورد بەڕێوە چوو.

لەو کۆنسێرتەدا، هونەرمەندانی بەناوبانگی کورد وەک شوان پەروەر و مچۆ کۆندەش چەندین گۆرانیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و هەروەها هونەرمەند کۆندەش چەند گۆرانی کلاسیکی کوردی دیکەی پێشکەش کرد.

دواتر هونەرمەند شوان پەروەر، هونەرمەندی بەناوبانگی کورد دوای پێشکەش‌کردنی چەند گۆرانی و سروود ، باسی هەوڵ و تێکۆشانی بێ‌وچانی شەهیدی نەمر دکتور قاسملوو ی کرد کە بۆ دامەزراندنی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس هەوڵێکی زۆری داوە.

هەروەها، شوان پەروەر سەبارەت بە پشتیوانییەکانی دەوڵەتی فەرانسە لە گەلی کورد سپاسی ئەو دەوڵەتەی کرد.

بێرنارد کۆشنێر، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی فەرانسە لە نامەیەکدا داوای لە فرانسوا ئۆلاند سەرکۆماری فەرانسە کردبوو کە لە بورای ماڵی پشتیوانی لە ئەنیستیتۆی کورد بکات.

ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس ساڵی ١٩٨٣ی زایینی دامەزرا و رێکخراوێکی سکۆلار و غەیرە سیاسییە کە ئامانجی ئەو ئەنیستیتۆیە پاراستنی مێژوو و فەرهەنگی کوردستان و ئاشنابوونی لێکۆلەرانی ئورووپایی و رۆژئاوا لەگەڵ مێژووی نەتەوەی کوردە کە دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە دامەزانی ئەو ئەنیستیتۆیە، لە لایەن حکوومەتی ئەو کاتی فەرانسە بە فەرمی ناسرا.