کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش دژی پێشمەرگە چەکی شیمیایی بەکار هێناوە

21:09 - 16 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، گرووپی تیرۆریستیی داعش بە مەبەستی ترس و تۆقاندن لە مەیدانەکانی شەڕدا دژی پێشمەرگە، کەڵکی لە چەکی شیمیایی لە جۆری گازی خەردەل وەرگرتووە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، تاقیکردنەوەی خوێنی پێشمەرگەکانی بەرەی شەڕ دژی داعش، پیشان دەدات کە گرووپی تیرۆریستیی خلافەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە شەڕەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە تەقەمەنییەک کەڵکی وەرگرتووە کە گازی خەردەلی پێوە بووە.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە کە تاقیکردنەوە و پشکنینی برینەکانی ٣٥ پێشمەرگە کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری ڕۆژئاوی شاری هەولێر بەشداربوونە، شوێنەواری سولفۆری خەردەل لە جەستەیان دەردەکەوێ.

لەو پێوەندییەدا، هامش دی بریتۆن کارناسێکی بریتانی لە بواری چەکە کۆمەڵکوژەکاندا، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە گرووپی تیرۆریستیی داعش بەم دواییانە بەرامبەر بە پێشمەرگەکان کەڵکی لە گازی خەردەل وەرگرتووە کە٣ هەزار جار لە گازی کۆلۆر کوشندەترە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مانگی ڕەشەمەی ڕابردووش ڕایگەیاندبوو کە لە نموونە و لێکۆڵینەوەکانی تاقیگە لە خۆڵی ناوچەکە و جلی پێشمەرگەکان دوای تەقینەوەی ماشێنی بۆمب‌رێژکراو لە ڕێکەوتی ٢٣ی ژانویە لە نزیک شاری موسڵ، دەرکەوتووە کە گازی کۆلۆر وەک چەکی شیمیایی دژی پێشمەرگە بەکار هاتووە.

هەروەها وەتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئاڵمان کە خۆی مەشقی پێشمەرگەی لە ئەستۆ بووە، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕایگەیاند: بە چەکی شیمیایی هێرش ئەنجام دراوە و ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو هێرشەدا تووشی تەنگە نەفەسی بوونە و زیانیان پێگەیوە.

گرووپی تیرۆریستی داعش هەتا ئێستا چەندین جار لە شەڕ دژی پێشمەرگە و هاووڵاتییانی کورد چەکی شیمیایی بەکار هێناوە و لەم دواییانەدا ژمارەیەک لە کارناسانی شیمیایی خۆی، بۆ پەرەپێدانی ئەو چەکانە بۆ شارەکانی ڕەقەی سووریە و موسڵی عێراق ناردووە.