کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دانووستان لەگەڵ ئامریكای قەدەغە كرد

21:48 - 16 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند كە دانووستان لەگەڵ ئامریكا قەدەغەیە و وتووێژ لەگەڵ ئامریكای بە ڕێخۆشكەری بۆ دەستێوەردان لە نێوخۆی ئێران لێكدایەوە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ڕابردوو، ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی لە كۆڕی فەرماندەران و كارمەندانی سپای پاسدارانی ڕێژیدا ڕایگەیاند: من لەگەڵ هەرچەشنە دانووستانێك لەگەڵ ئامریكا ناڕازیم و دانووستان واتە دەستێوەردانی ئامریكا لە نێوخۆی ئێران و خۆ سەپاندنیان بەسەر خەڵكی ئێراندا.

ناوبراو لە درێژەی قسەكانی‏دا گوتی: دانووستان لەگەڵ ئامریكا قەدەغەیە، بە هۆی هەموو ئەو زیانانەوە كە هەیەتی و هەموو ئەو خێر و بەرەكەتەوە كە نیەتی. كێشەی ئێستای وڵات بە هۆی كەسانێكەوەیە كە خەمساردن و یان ساویلكانە بیر دەكەنەوە و لەو ڕاستیانە تێ‌ناگەن.

عەلی خامنەیی وێڕای ئاماژە كردن بە هاوڕێیی و هاوكاری ئامریكا لەگەڵ ئیسرائیل، گوتی: دانووستان لەگەڵ ئامریكا بە واتای ڕێخۆشكەرییە بۆ دەستێوەردان لە بوارە ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی و ئەمنیەتییەكانی وڵاتدا.

خامنەیی پاش ڕێككەوتنی ناوكیی ڤییەن، گەلێ جار بە نیسبەت هەوڵەكانی ئامریكا بۆ دەستێوەردان لە ئێران، هۆشداریی داوە.

وتەكانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە كاتێكدایە كە حەسەن ڕووحانی سەرۆك كۆماری ڕێژم، ماوەیەك پێش ئێستا لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەواڵنێریی سی ئێن ئێندا گوتی كە خەڵكی ئێران خوازیاری كەم بوونەوەی تەنگژەەكانی نێوان ئێران و ئامریكان و هەروەها ڕەفسەنجانی، بەرپرسی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندیی نیزام، سێ‌ ڕۆژ پێش ڕایگەیاند كە تابووی دانووستان لەگەڵ ئامریكا شكا.

گوتەكانی ڕێبەری ڕێژیم لەكاتێكدایە كە دۆخی ئابووریی ئێران لە هەلومەرجێكی خراپدایە و ڕۆژانە ڕێژەی بێكارەكانی وڵات بەرز دەبێتەوە.

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتەكان، ڕێژەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ سێهەمین جار دابەزیوەتەوە و هاوكات نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا لە هەڵكشاندایە و بانكی ناوەندیی ناچار كردووە بە مەبەستی كەم كردنەوەی هەڵكشان و داكشانەكان، دەستەودامێنی سەڕڕافەكان بێت.