کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی کرێکارانی نۆروێژ دیداری پێکهێنا

15:02 - 19 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، لەگەڵ خاتوو سیلیە ڕیگلاند لە بەشی پێوەندییەکانی ئەو حیزبە، دیداری پێکهێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ، لە سەردانێکدا بۆ دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی کرێکارانی نوروێژ لە ئۆسلۆ، دیدارێکی لە گەڵ خاتوو سیلیە ریگلاند(Silje Rygland) لە بەشی پێوەندییەکانی ئەو حیزبە پێکهێنا و لەم دیدارەدا دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و بەتایبەت پرسە پێوەندیدارەکانی بە کوردستان باسیان لێ کرا.

ئەلیاسی لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە: ڕەوانەکردنی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ سەر سنوور و جموجۆڵەکانیان لە نێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هۆکار و ئامانجی جووڵەپێکردنی هێزەکانی حیزبی دێموکرات و باقی لایەنەکانی دیکە کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ، باسی لە دەستپێکردنی هێرشە هەواییەکانی ڕووسیە و ئەگەری ناردنی هێزی سەربازی بۆ نێو سووریە لەلایەن ئەو وڵاتەوە کرد و دوو لایەن باسیان لە مەترسیدارتربوونی دۆخەکە و هەروەها ناڕوونیی دەرئەنجامەکانی کرد. هەر لەم بارەوە باس لە ئەگەری ناردنی هێزی زیاتری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ یارمەتیدانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد کرا کە دەتوانێ شەڕی ناوچەکە بڵێسەدارتر بکات.

هەروەها ئەلیاسی لەو دیدارەدا باسی لە ویستی نەتەوەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی سیستمێکی فێدڕاڵی لە ئێران‌دا کرد و لەو پەیوەندییەدا باس لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ کرا.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا، دوو لایەن لە سەر بەردەوامیی پێوەندییەکانیان جەختیان کردەوە.