کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی قوتابخانەکانی پارێزگای ئورمیە مامۆستایان نیە

16:24 - 19 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: نەبوونی مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی پارێزگای ئورمیە، نیگەرانیی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابخانەکانی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و پیرانشار لە پارێزگای ئورمیە، لەگەڵ کەمیی مامۆستا بەرەوڕوو بوونەتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتی و نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لەبەر نەبوونی مامۆستای قوتابخانە، ئەمساڵ نزیک بە ٧٠ مامۆستای قوتابخانەیان لە شارە غەیرە کوردنشینەکانەوە ‌هێناوە کە هیچ خوێندەوارییەکیان لە ئاستی زانستگەکانی تەربیەت موعەلیمدا نییە.

ئەو کارەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەحاڵێکدایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی ئەو شارە کوردنشینانە بێکارن و ئەو کەسانەی کە لە لایەن ڕێژێمەوە وەک مامۆستای قوتابخانە نێردراونەتە ئەو شارانە، هیچ بڕوانامەیەکی زانستگەیان نیە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی مامۆستایانی کوردی لێکەوتووەتەوە.

پێشتریش مامۆستایانی ئەو شارە ڕایانگەیاندبوو کە : مامۆستایانی قوتابخانە بە هۆی ژمارەی زۆری قوتابیان لە پۆلەکاندا، ناتوانن وەکوو پێویست وانە بڵێنەوە و هەروەها ڕێژیمی ئێران نایهەوێت کە مامۆستای تازە دابمەزرێنی و لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئیزافەکار بە مامۆستاکانی دیکەی وانەکان بدات کە ئەوەش لەگەڵ ناڕەزایەتی مامۆستایان بەرەوڕوو بووەتەوە.