کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی لە هۆلەند کرد

21:04 - 20 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی شاندی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە هۆلەند، هەل‌ومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی خرایە بەر باس و کاریگەریی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لە سەر گەلی کورد تاوتوێ کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرپرسانی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، پێکهاتوو لە شێخ شەماڵ و سمکۆ ڕەشید سەردانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری لیواردنی وڵاتی هۆلەندیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی حەسەن مەجیدی\'\' بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب و پێوەندییە کوردستانییەکان، پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا هەل‌ومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی وکوردستان بەتایبەتی خرایە بەر باس و کاریگەریی لایەنە ئەرێنی ونەرێنییەکانی لە سەر گەلی کورد تاوتوێ کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، باسی کۆمەڵێک بابەت کە پێوەندییان بە پێوەندیی هەردوو لایەن هەبوو، خرانە بەر باس و وێڕای پێداگری لەسەر دۆستایەتی هەر دوو لایەن، جەختیان کردەوە کە پێوەندییەکانیان قووڵتر و پتەوتر بکەنەوە.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا، دوو لایەن نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بەو بارودۆخە کە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە دەربڕی و ئاواتەخواز بوون کە هەرچی زووتر دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە .