کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندکراوەکانی سەفەری خامنەیی بۆ شاری کرماشان هێشتاش بەڕێوە نەچوون

20:44 - 21 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی ماوەی چوار ساڵ لە سەفەری خامنەیی بۆ شاری کرماشان، نوێنەری شاری پاوە و هەورامان لە مەجلیسی شورای ئیسلامی، لە سەر پێویستیی بەدواداچون و جێبەجێ کردنی بەپەلەی پەسەندکراوەکانی ئەم سەفەرە قسەی کرد.

نێعمەتوڵڵا مەنوچێهری لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنادا بەئاماژە بەوەی کە زۆرترین ڕێژەی ئاماری بێکاری لە پارێزگای کرماشانە، دەڵێت کە ئەم دیاردەیە بەبۆنەی جێبەجێ نەکردنی پەسەندکراوەکانی سەفەری خامنەیی بۆکرماشان بووە.

مەنوچێهری لەگەڵ ئاماژە بە کێشەی ئابووری بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پەسەندکراوانە لەلایەن خامنەییەوە، دان بە نابەرپرسانە بوونی بەڵێنەکانی ڕێبەری ئێران لە شاری کرماشان سەبارەت بە تاوتوێ نەکردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو شارەدا دەنێت و دەڵێت:نابێت بۆ جێبەجێ کردنی پەسەندکراوەکانی سەفەری ڕێبەری ئێران کێشەی ئابووری هەبێت.

ناوبراو داوا لە کاربەدەستان دەکات کە ئەم پەسەندکراوانە بە زووترین کات و بەپەلە جێبەجێ بکەن، هەروەها وێڕای دەربڕینی خۆشبینی بۆ دەستبەکار بوونی پارێزگاری نوێی ئەو شارە، هیوادارە کە ئیرادەی باش بۆ بە ئامانج گەیشتنی ئەم پەسەندکراوانە لە کرماشان دروست ببێت.

مەنوچێهری دەڵێت: ئەگەر ئیرادەی باش لە پارێزگا و دەوڵەتیش‏دا ببێت ئەم پەسەندکراوانە بەکەمترین کات جێبەجێ دەبن .

بە وتەی ئەم نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم:کۆڕی بەناو نوێنەرانی پارێزگایش پێداگری لە سەر جێبەجێ کردنی پەسەندکراوەکان دەکەن و پرۆژەکانی سەفەری خامنەیی لە یەکەمین بەشەکانی کاری ئەم کۆڕە دەبێت.

چوارساڵ پێش ئێستا ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە سەفەرێکدا بۆ شاری کرماشان، خەڵکی ئەوشارەی دڵخۆش کرد کە کۆتایی بە کێشە و گرفتەکانیان دێت، کە وەکوو هەزاران بەڵێنی دیکەی خامنەیی هێشتاش جێبەجێ نەکراون.