کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوریزاد: پاسدار هەمەدانی بووە قوربانیی کێشمەکێشەکانی ناو سپا

21:48 - 21 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە مەرگی پاسدار حوسەین هەمەدانی، پیاوی ژمارە ٢ی نێو سپای ڕێژیمی ئێران لە سووریە، چیرۆکی جۆراوجۆر سەبارەت بە شێوەی کوژران و هۆکاری کوژرانەکەی بڵاو دەبێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا موحەممەد نوریزاد، لە ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران، دەڵێت: ئەگەری ئەوە هەیە کە سەردار هەمەدانی لە پاکانە‌‌حیسابی نێوخۆیی سپادا کوژرابێت.

ناوبراو لەم ماوەدا لەگەڵ حسەین تالب- بەرپرسی بنکەی ئیتلاعاتی سپا- تووشی کێشەیەکی توند هاتبون، بەجۆرێک کە تەنانەت توندو تیژی کەوتبووە نێوانیان. نوریزاد دەڵێت: بە ئاشکرا بوونی ئەم کێشەیە، سیستمی ئیتلاعاتی ئێران لەوە دەترسێ کە کەسانی سەرکەش بەشێوەیەک پەناهەندەی وڵاتانی دیکە بن، یان لەلایەن دژبەرانی ئێرانەوە بفڕێندرێن.

پاسداراێک کە چالاکییەکانی بەدرۆ و دەلەسە دەست پێ کردووە و ژمارەیەک خەڵکی بەناو زانای بواری ناوکی دەکوژێت و بەپێی پیلانێکی داڕێژراوی خۆی، ڕێبەری ئێران دەباتە لای بنەماڵەی کوژراوەکان تاکو دەستی میهرەبانی بەسەریاندا بکێشێت، چۆن ناتوانێ سەردارێکی یاخی بووی خۆی لەناو ببات و بەڵگەی مەرگەکەشی بە ناوی داعشەوە واژۆ بکات.

سەردار هەمەدانی لەلایەن فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیم، قاسم سولەیمانی بۆهاوئاهەنگ کردنی تیپی زەینەب کە تایبەتی هێزە پاکستانییەکانە و تیپی فاتمی کە تایبەتی هێزە ئەفغانییەکانە و هەروەهاگرووپە شێعەکانی عێراق و هێزە ئێرانییەکان لە سووریە، دەستنیشان کرابوو. ناوبراو لە ڕاستیدا بە پیاوی ژمارە ٢ی سپا هەژمار دەکرا.
حوسەین هەمدانی لە ئەندامان و بنیاتنەرانی سپا لە هەمەدان و کوردستان‏دا بووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە شەری نێوان عێراق و ئێرانیش‏دا هەبووە.

ناوبراو یەکێک لەو ٣٢ کاربەدەستەی ئێران بوو کە بە هۆکاری پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران‏دا، ناویان لە لیستەی ڕەشی بایکۆت لەلایەن یەکیەتی ئورووپا لە ساڵی ٢٠١١ دا تۆمار کراوە. بەپێی بەیاننامەی یەکیەتیی ئورووپا، حوسەین هەمەدانی لە ماوەی فەرماندەیی سپای موحەممەد ڕەسوڵ اللە کە پارێزەریی ئەمنیی شاری تارانی لە ئەستۆ بووە، ڕۆڵێکی توندوتیژی لە سەرکوتی خەڵک لە توندوتیژییەکانی ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٨٨دا هەبووە. ناوبراو ڕۆژی ٨ی ئۆکتۆبر لە شاری حڵەبی سووریە کوژرا.