کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی کاوە عەبداڵی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی وڵاتی نۆروێژ + وتووێژ

20:50 - 28 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەگەڵ کاوە عەبداڵی كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی وڵاتی نۆروێژ بەشداریی كردبوو و سەرکەوتنی بەدەست هێنا و ‌ وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی شێسمۆ و ئه‌ندامی ئه‌سڵیی لێژنه‌ی چاوه‌دێری ئه‌و ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵبژێردراوە، وتووێژێکی پێکهێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١ــ کورتەیەک لە ژیاننامە و تێکەڵاویتان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس بکەن؟

وێڕای سڵاوێکی گه‌رم له ئێوه خۆشه‌ویستانی ماڵپه‌ڕی کوردستان میدیا و هه‌موو خوێنه‌رانی به‌ڕێزتان. سپاس بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌تان بۆ ڕه‌خساندم تا بتوانم سەبارەت بە مێژووی ئەندامەتی و هاوکاریم لەگەڵ ‌حیزب و هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانیی ناوچه‌ی نیشته‌جێ بوونم بدوێم.
من له ساڵی ١٣٤٨ی هه‌تاوی ( ١٩٦٩ی زایینی) له شاری تاران له‏دایک بووم. پێویسته بڵێم که ئه‌وکات بابم وه‌ک مامۆ‌ستای یه‌کێک له قوتابخانه‌کانی ئه‌وشاره کاری ده‌کرد و ئێمه‌ش به‌و هۆیه‌وه له‌وێ ده‌ژیاین، به‌ڵام به خۆشییەوه به‌ر له ده‌ستپێکی یه‌که‌م قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تاییم گه‌ڕاینه‌وه بۆ شارەکەی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، واته شاری مه‌هاباد.
له ساڵی ١٣٧٦ی هه‌تاوی (١٩٩٧ی زایینی)، به هۆی فشاری زۆری سیاسیەوە ڕێگای تاراوگەم گرتەبەر. سه‌ره‌تا بۆ ماوه‌ی که‌متر له ساڵێک له تورکیه مامه‌وه و دواتریش له ساڵی ١٩٩٨دا، له ڕێگه‌ی کۆمیساریای باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به ڕێکخراوی نه‌ته‌وەیه‌کگرتووه‌کانەوە هاتمه وڵاتی نۆروێژ.
تێکه‌ڵاویم له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکرات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ردەمی مێرمنداڵیم.

ئەوسا لە مه‌هاباد، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بۆم بڕەخسایە یارمه‌تیده‌ری چالاکییه‌ نهێنیە حیزبیەکان دەبووم، به‌ڵام به شێوه‌ی فه‌رمی، یه‌که‌م جار له ڕێگه‌ی مامۆ‌ستای سیاسیم کاک برایم لاجانی، له وڵاتی نۆروێژ، له پاییزی ساڵی ١٩٩٨ی زایینی هاتمه نێو ڕێزه‌کانی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتەوە.

پله‌ سیاسیەکانم هه‌ر له کۆمه‌ڵه‌ی کولتووری کوردی ده‌ست‏پێکرد و وه‌ک ئه‌ندامی شانه‌ی حیزبی به‌رده‌وام بووم، ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆمیته‌ی ناوچه‌، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی گشتیی حیزب و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی کۆمیته‌ی گشتیی ته‌شکیلاتی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و دوای کۆنگره‌ ١٤ی حیزبیش، به‌رپرسی ماڵیی ئه‌م کۆمیته‌یه بووم. بۆ سێ ده‌وره،‌ وه‌ک به‌رپرسی کۆمیته‌ی گشتیی حیزب له نۆروێژ هه‌ڵبژێردرام و له خزمه‌ت حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی حیزبی له‌م وڵاته‌دا‌ بووم و هه‌روه‌ها یه‌کێک له نوێنه‌رانی کۆمیته‌ی نۆروێژ بۆ به‌شداری‏کردن له دوو کۆنگره‌ی ١٤ و ١٥ی حیزب بووم.

پێویسته‌ ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م که ئێستاش وه‌ک به‌رپرسی کۆمیته‌ی هه‌ڵبژاردن که له‌سه‌ر داوای ڕێبه‌رایه‌تی حیزب، بۆ یه‌کەم‌جار له وڵاتی نۆروێژ به‌فه‌رمی پێکهاتووه، له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی ئه‌م کۆمیته‌یه کارده‌که‌م و بەهیواین که به زووترین کات ڕێکارنامه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ چۆنیەتی کار و تێکۆشانی کۆمیته‌ی هه‌ڵبژاردن پێشکه‌شی حێزب بکه‌ین.

٢ــ ئێوە چۆن بوونە ئەندامی حیزبی کاری نۆروێژ و بەشداریتان لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئەو وڵاتەدا کرد؟

من له ساڵی ٢٠٠٥دا بووم به ئه‌ندامی حیزبی کاری نۆروێژ، به‌ڵام به هۆی کاری ئێداریی خۆم و به‌شداربوونم له چالاکییه‌کانی حیزبی دێموکراتدا و هه‌بوونی به‌رپرسایه‌تیه‌ حێزبیەکانم، زۆر به‌که‌می به‌شداری چالاکییه‌کانی حیزبی کاری نۆروێژ ده‌بووم، واته‌ هه‌ر ئه‌ندامی ته‌شکیلاتیی ئه‌و حیزبه بووم.

پاش کۆنگره‌ی ١٥ی حیزب و پێکهاتنی کۆنفڕانسی حیزبی دێموکرات له‌ نۆروێژ، ئه‌ندام بوونم له کۆمیته‌ی گشتیی حیزب کۆتایی پێهات و هەربۆیەش کاتی زیاترم بۆ چالاکی له حیزبی کاری نۆرویژ ته‌رخان کرد.

له مانگی نوامبری ٢٠١٤دا، له کۆنفڕانسێکی حیزبی کار له‌و شاره‌وانییه‌ی لێی ده‌ژیم، وه‌ک به‌ربژێرێکی ئه‌و حیزبه که گه‌وره‌ترین حیزبی ئه‌م وڵاته‌یه، دیاری کرام و پاش چالاکییه‌ به‌ربڵاوەکانی هه‌ڵبژاردن، له سێپتامبری ٢٠١٥دا، به یارمه‌تی هاوڕێیانی به‌ڕێزی بنه‌ماڵه‌ی حیزبی دێموکرات و باقی ده‌نگده‌رانی ئه‌م ناوچه‌یه، وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی شێسمۆ و ئه‌ندامی ئه‌سڵیی لێژنه‌ی چاوه‌دێریی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵبژێردرام.

٣ــ بەرنامەی تایبەتی خۆتان بۆ ئەو پۆستە نوێیەی کە وەرتان گرتووە چی دەبێ؟

دیاره ئامانجی ئه‌سڵیی من له به‌ئه‌ندام بوونم له‌ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که تێکه‌ڵاویی خۆم له پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته به گشتی و له ئه‌م ناوچه‌یه بەتایبه‌تی‌ مسۆگه‌ڕ ده‌کات، ده‌توانێ به‌رهه‌م و ئەزموونێکی باش و بەنرخ بێت بۆ داهاتوو که بتوانم یارمه‌تیده‌ری کاری ڕێکخراوه‌یی و ته‌شکیلاتیی حیزب بم.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که هه‌موو هه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م که وه‌ک ئه‌ندامێکی دڵسۆز و چالاک به‌رپرسایه‌تییه‌کانی خۆم له‌م شاره‌وانییه به باشی به‌جێ‏بگه‌‌یەنم، هاوکات هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌نگی کورد و ناوی پێشمه‌رگه به‌رز ڕاگرم.

٣ــ وەک چالاکێکی سیاسیی ناو حیزبی کاری نۆروێژ، چ پێشنیارێک بۆ باشتربوونی کاری ڕێکخراوەیی لە کوردستان دەکەن؟

پاراستنی مافی که‌مایه‌تی بۆ یه‌کڕێزیی ته‌شکیلاتی زۆر گرینگه. پاراستنی مافی که‌مایه‌تی کاتێک جێی خۆی ده‌گرێ که بۆ به‌رگری له ئاڵۆزبوون، سازان و ڕێکه‌وتن ببێته بنه‌مای دیالۆگ و لێک‏تێگه‌یشتن و ڕێگه‌چاره‌یەکی گونجاوی بۆ بدۆزنه‌وه. که‌مایه‌تی ئه‌گه‌ر سازان و ڕێککه‌وتن و ته‌عامولی له‌گه‌ڵ نه‌کرێ و هیچ ئورگان، پێکهاته یان لێژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیان نه‌بێت که بتوانن په‌نای بۆ به‌رن، خۆی له چوارچێوه‌ی ته‌شکیلاتی‌دا نابینێته‌وه و سه‌ری لێ ده‌شێوێ.

خاڵێکی دیکه‌ش به گرینگ ده‌زانم و لێره‌دا به کورتی باسی ده‌که‌م. من سه‌داسه‌د له‌گه‌ڵ زیادبوون ڕێژه‌ی ژنان له هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی ڕێکخراوه‌یی و حیزبی‌دا هه‌م و هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به پێی لێهاتوویی و چالاکیی خۆیانه‌وه ده‌بێت. حێزب ده‌توانێ ئاسانکاری بکا که خوشکانی دێموکراتمان بتوانن چالاکتر به‌شداری کۆڕ و کۆبوونه‌وه و کۆنفڕانسه‌کانی حیزبی بن و خۆیان بۆ به‌رپرسایه‌تییە حیزبیەکان کاندید بکه‌ن. مه‌به‌ستم له درکاندنی ئه‌و باسه ئه‌وه‌یه که هه‌بوونی یه‌کیەتی ژنان ده‌توانێ جیاوازی له نێوان ژنان و پیاوان دروست بکا و به‌داخه‌وه ئه‌م ڕێکخراوه ناتوانێ مافی ژنان بپارێزێ. کاتێک باس له ئه‌ندام ده‌که‌ین، ئه‌وه پیاوان و ژنان ده‌گرێته‌وه و پاراستنی مافی ئه‌ندامه‌تی هه‌ردووک لایه‌ن ده‌گرێته‌وه.

حیزبی کاری نۆروێژ به ئه‌زموونێکی دوور و درێژ، ته‌نیا یه‌ک ڕێکخروای سه‌ر به حیزبی هه‌یه که ئه‌ویش یه‌کیه‌تی لاوانه. یه‌کیه‌تی لاوان ڕێکخراوێکی زۆر گرینگه چوونکه بناغه‌یەکی پته‌وی کاری سیاسی داده‌مه‌زرێنن و په‌روه‌رده کردنی کادری به ته‌جروبه‌ی لێ‏ده‌که‌وێته‌وه و له ‌داهاتوودا به‌ره‌و قۆناغه‌کانی به‌رپرسایه‌تی هانیان ده‌دات.

بۆ وێنه، ئاماژه به یینس‏ستۆڵتنبه‌رگ ده‌که‌م که وه‌ک ئه‌ندامی یه‌کیه‌تی لاوان هاته نێو حیزبی کار. بوو به سکرتێری لاوان، پاشان بوو به‌ ئه‌ندامی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب و بۆ ماوه‌ی ١٢ ساڵ وه‌ک سه‌رۆکی حیزب کاری کرد و ماوه‌ی ٩ ساڵ وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی نۆروێژ له ‌سه‌رکار بوو و له ئاکامدا هه‌ر ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی یه‌کیه‌تی لاوان، له ساڵی ٢٠١٤ی زایینی‏دا‌ بوو به سکرتێری ناتۆ!!

٤ــ هەڵسەنگاندنی بەرێزتان بۆ کوردانی نیشتەجێی نۆروێژ سەبارەت بە تێکڵاوییان(Iintegration ) لەگەڵ کۆمەڵگای ئەوێ هەیە؟

هه‌روه‌ک ئاگادارن له وڵاتی نۆروێژ دێموکراسییەکی ڕاسته‌قینه حاکمه و هیچ جیاوازییه‌ک له نێو دانیشتووانی ئه‌سیل و به‌ ڕه‌گه‌ز نۆروێژی و په‌نابه‌رانێکی که ڕه‌گه‌زنامه‌ی نۆروێژیان وه‌رگرتووه نییه. هه‌رئێستا جێگری سه‌رۆکی حیزبی کاری نۆروێژ ئافره‌تێکی به ‌ڕه‌گه‌ز پاکستانیه (هادییه تاجیک)و پێده‌چێ له ده‌وره‌ی دوو ساڵی داهاتووی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانی، ئه‌رکێکی گرینگی حکوومه‌تی وه‌ئه‌ستۆ بگرێ. ناوبراو له سالی ٢٠١٢دا، بۆ ماوه‌ی یه‌ک‏سال وه‌ک وه‌زیری کولتووری نۆرویژ دیاری کرابوو.

هه‌روه‌ها سکرتیری ئێستای لاوانی حیزبی کاری نۆرویژ، لاوێکی کوردی ڕۆژئاوایه که زۆر به‌توانایه و به دڵنیاییه‌وه داهاتوویەکی ڕوونی ده‌بێت. واته ئه‌گەر که‌سێکی به ‌ڕه‌گه‌ز بیانی له وڵاتی نۆروێژ بتوانێ بیسه‌لمێنێ که توانای کاری حیزبی و ڕێکخراوه‌یی تێدا به‌دی ده‌کرێ، بێ‌گومان ده‌توانێ وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانیش هه‌ڵبژێردرێت، له حاڵێکدا ئێمه له وڵاتی خۆمان ئه‌و مافه‌مان پێ نادرێت!!

زۆرگرینگه که ئێمه بتوانین له کۆمه‌ڵگای نۆروێژی تێکه‌ڵاوی ڕێکخراوه‌کانی مه‌ده‌نی و سیاسی بین تا به قاڵبوونه‌وه‌مان له نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا له پرۆسه‌ی ئابووری و سیاسی‌دا به‌شدار بین وبه‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانین به‌شداری چاره‌نووسی سیاسی وڵاته‌که به گشتی و ناوچه‌که‌ش به تایبه‌تی بین.

٥ــ بەنیسبەت ڕەوتی پەنابەری لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا و ئورووپا کە ماوەیەکە ڕووی لە هەڵکشانە، چ بۆچوونێکت هەیە؟

پشتیوانی کردن له سیاسه‌تی حیزب له‌مه‌ڕ ڕه‌وتی په‌نابه‌ران وه‌ک ئه‌سڵێک و ئه‌رکێکی گرینگ ده‌زانم و به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌م هانده‌رێکی به‌قووه‌ت بم بۆ پاراستنی ئه‌م بنه‌ما گرینگه. به شێوه‌ی گشتی، حیزبی کاری نۆروێژ له‌گه‌ڵ لایەنانی یه‌کگرتووی خۆی، وه‌رگرتنی٨٠٠٠ په‌نابه‌ری سورییه‌یان له ماوه‌ی ٣ ساڵدا، له ده‌ستووری کاری خۆی‌دا داناوه و هه‌روه‌ها پێویسته بڵێم که یه‌کێک له گرینگترین خاڵه‌کانی یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی شاره‌وانیی شێسمۆ که له مانگی نۆڤامبر پێکدێت، قسه‌کردن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ڕێژه‌یەکی به‌رچاو‌ی په‌نابه‌ران بۆ نێو ئه‌م شاره‌وانیه‌یه.