کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی سینەمایی \"مەردان\" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"میلی والری\" لە ئامریکا نمایش کرا

14:51 - 4 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی مەردان لە دەرھێنانی بەتین قوبادی لە بەشی سینەمای جیھان لە سی‏وھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میلی والری لە ئامریکا نمایش کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی مەردان یەکەمین بەرھەمی بڵیندی سینەماکاری کورد بەتین قوبادی، فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بۆ ھەشتاوحەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، بە نوێنەرایەتی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٥ی تشرینی یەکەم، ئۆکتۆبری ٢٠١٥، لە بەشی سینەمای جیھان لە سی‏وھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میلی والری(Mill Valley) لە شاری ڕافائێل لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە وڵاتی ئامریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

سی‏وھەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میلی والری بە نمایشی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان، لە چەندین بەشی جۆراوجۆر لە شاری ڕافائێل لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە وڵاتی ئامریکا بەڕێوەچوو.

هەروەها پێشتریش فیلمی سینەمایی مەردان لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی بەتین قوبادی، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول/ سێپتامبری ٢٠١٥ی زایینی، لە بەشی پێشبڕکێی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سیلکرۆد (Silkroad) لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایش‌کرا.

ئەم فێستیڤاڵە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمی کالیفۆڕنیا و بە مەبەستی پشتیوانی لە فیلمسازانی سەربەخۆ و گەنج و ھەروەھا بەرھەمە نوێیەکانی سینەمای جیھان دامەزراوە و یەکێکە لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای ئامریکا کە تیایدا ھەموو ساڵێک بەشێکی بەرچاو لە فیلمە نوێیەکانی سەرتاسەری جیھان نمایش دەکرێت.