کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەهواز/ شاعیرێکی عەرەب لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا

20:36 - 4 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە هێرش کردن بۆ سەر ماڵی عەلی بەیت سەیاح، ناوبراویان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نیوەشەوی ڕابردوو، ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز، بە چەند ئۆتۆمبیل خانووی عەلی بەیت سەیاح ( تۆرۆفی)ییان گەمارۆ دا و دواتر چوونە نێو ماڵەکەی و دەستبەسەریان کرد.

عەلی بەیت سەیاح لەدایکبووی ساڵی ١٤٥٧ی هەتاوی، خێزاندار و دانیشتووی شاری ئەهوازە و ئیشی فیلم هەڵگرتن و وێنەگرتن دەکات.

ناوبراو یەکێک لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی شرووق لە ئەهواز بووە کە دواتر لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە پێش بە چالاکیی ئەو دامەزراوە گیرا و هێندێک لە ئەندامەکانی دەستبەسەر کران.

عەلی بەیت سەیاح، خاوەنی ماڵپەڕێک بەناوی کارونیات بوو کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ شیعرەکانی خۆی و شاعیرانی ناوچەکەی بەزمانی عەرەبی تێدا بڵاو دەکردەوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو لە لایەن بەرپرسانی قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە چالاکیی ئەو ماڵپەڕە ڕاگیرا.

ئەو شاعیرە عەرەب زمانە بە هۆی خوێندنەوەی شیعرە نەتەوەیی و حیماسییەکانی لە بۆنەکاندا و هەروەها چالاکییە فەرهەنگییەکانی، چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو هەروەها لە ساڵەکانی٧٨، ٨٦ و ٩٣ ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی ئەهوازەوە دەستبەسەر و گوشاری زۆری خرابوویە سەر.

دوایین جار لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی‏دا، عەلی بەیت سەیاح دەستبەسەر کرا و کامپیوتێر و کامێرای ناوبراو دەستی بەسەردا گیرا، هەروەها خوێندنەوەی شێعر لە شوینە گشتییەکان و بۆنەکانی لێ قەدەغە کرابوو.