کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی بەلووچ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ڕیژیمی ئێران گیانی لە دەست دا

21:29 - 9 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: هاوولاتییەکی بەلووچ لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی ظاهیر سێ‌بەخش لە گوندی قەڵا بیدـی سەر بە بەخشی کورینـی زاهیدان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لە دەست دا.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە دژی پاسگای قەڵابیدی ڕێژیمی ئێران سکاڵایان تۆمار کردووە و تا ئێستا هێزەکانی ڕێژیمی ئێران وڵامی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بەلووچەیان نەداوەتەوە.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەو بارەیەوە بڵاویان کردووەتەوە: هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەل‌وپەلی قاچاغ تەقەیان لەو هاووڵاتییە بەلووچە کردووە.

بەپشت‌بەستن بە ئاماری کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، لە سەرەتای شەش مانگی ئەمساڵەوە ٢٧ کەش بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سیستان‌وبەلووچستان کوژراون و ٧ کەسی دیکەش بریندار بوونە کە ٤ کەسیان ژن و منداڵ بوونە.