کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروشمی \"مەرگ بۆ ئامریکا\" هێشتاش لە ئێراندا برەوی هەیە

22:19 - 12 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی دەگوترا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دانی دروشمی مەرگ بۆ ئامریکا لە بۆنە تایبەتەکانی خۆی لادەبات، هەنووکە سەرلەنوێ دانی ئەو دروشمەی لە بەرنامەی کاریی خۆیدا داناوەتەوە.

بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هەموو ساڵێک لە بۆنە تایبەتەکاندا، دروشمی مەرگ بۆ ئامریکا لە دژی ئەو وڵاتە دەدەن. بڕیار بوو ئەمساڵ ئەو دروشمە هەڵگیرێت، چوونکە هەندێک لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وتنەوەی ئەو دروشمەیان لە پاش ڕێککەوتنی ناوکی بە درووست نەدەزانی.

حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لەگەل کاناڵی تەلەفیزیۆنیی ئامریکایی سی. بی. ئێس ڕایگەیاندبوو کە دروشمی مەرگ بۆ ئامریکا لە دژی خەڵکی ئامریکا نییە، گوتیشی: خەڵکی ئێمە ڕێز لە نەتەوەی ئامریکا دەگرن.

پاش وتەکانی ڕووحانی، عەلی خامنەیی بە جەخت کردنەوە لەسەر بۆچوونی خومەینی کە گوتبووی ئامریکا شەیتانی گەورەیە، گوتی: هەندێ کەس سوورن لەسەر ئەوەی ئەم شەیتانە گەورەیە بە فریشتە لەقەڵەم بدەن. نەتەوەی ئێران ئەم شەیتانەی وەدەرنا. نابێت بهێڵین کە لە درگاوە وەدەرمان نا، لە پەنجەرەوە بێتەوە ژوورەوە و جێ بۆخۆی خۆش بکات.

هەروەها ١٩٠ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران (لە کۆی ٢٩٠ نوێنەر) بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایانگەیاند کە دروشمی مەرگ بۆ ئامریکا لەم وڵاتەدا لەجێی خۆیدایەتی و ئامادە نین چاوپۆشی لەو دروشمە بکەن، چوونکە ئەم دروشمە بووە بە هێمایەک لە وڵاتدا.

هەر لەو پەیوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە لە تاراندا مێهرجانی دروشمی مەرگ بۆ ئامریکا بەڕێوە چووە و دووهەمین خولی خەڵاتی گەورەی مەرگ بۆ ئامریکا بریتی لە وێنە، پووستێر، کاریکاتۆر، داکیۆمێنت و کلیپ، شیعر، وتار، وێبلاگ، سۆفت وێیر و ئەپلیکێیشێنی مۆبایل، هاوکات لەگەڵ کۆتایی دانووستانە ناوکییەکان و ساڵڕۆژی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار، لەم مێهرەجانەدا بەڕێوەچوو.

حسێن کاشانی‏پوور بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی بۆنەی ١٣ی خەزەڵوەر گوتی: بە پێچەوانەی وتەی ئۆباما، مەرگ بۆ ئامریکا بۆ ئێمە ئیش و تەناهی دابین دەکات.

ڕێژیمی ئێران ساڵانێکی دوورودرێژە کە دروشمگەلێک لە دژی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و بە تایبەت ئامریکای کردۆتە سەرمەشقی هەموو ئیش و کارێکەوە و لە بۆنە تایبەتەکاندا دروشمگەلی شەڕخوازانە و دژی دوژمن دەڵێنەوە.