کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشانگای چاپەمەنیی ئێران لە لایەن بەشێک لە ڕۆژنامەکانەوە بایکۆت کرا

21:15 - 17 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: بیست و یەکەمین پێشانگای چاپەمەنیی و بڵاڤۆکەکان، لە لایەن بەشێک لە ڕۆژنامەکانی گرێدراوی ڕێژیم و هەروەها بەشیک لە بنەماخوازەکانەوە بایکۆت کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بیست و یەکەمین پێشانگای چاپەمەنی، بڵاڤۆکەکان و هەواڵدەرییەکان بە بەشداریی ٦٠٠ میدیا، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری تاران کرایەوە و لە لایەن چەند میدیای سەر بە بنەماخوازەکانەوە و هەروەها ڕەخنەگرانی حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بایکۆت کرا.

ڕۆژنامەکانی کیهان و جوان و هەروەها هەواڵدەرییەکانی فارس و تەسنیم کە لە میدیاکانی نزیک بە عەلی خامنەیی و سوپای پاسدارانی ڕێژیم بەئەژمار دێن، بەشداریی ئەو پێشانگایەیان نەکرد.

هەروەها حەوتوونامەی ٩ دی و چەندین ماڵپەڕی نزیک لە باڵی بنەماخوازی ڕێژیمی ئێران وەکوو رجا نیوز ، بەشداریی ئەو پێشانگایەیان نەکرد و بایکۆتیان کرد.

خامنەیی ڕیبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ماوەیەک پێش ڕایگەیاند؛دەبێ پێش بەو بەرهەمە فەرهەنگییانەی وەکوو پێشانگاکان و نووسراوەکان کە لەگەڵ بنەماکانی ویلایەتی فەقیه یەک ناگرنەوە، بگیردرێت.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا بە ئاشکرا دژایەتیی ئازادیی فەرهەنگی و فیکر و یان بە وتەی ناوبراو ئازادکردنی تەواوی فەرهەنگی کرد و ڕایگەیاند کە فەرهەنگ دەبێ بەپێی بنەماکان و دروشمەکانی خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی ڕێنوێنی بکرێت
ڕێبەری ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاندووە کە قەیرانی ئابووری، کێشەیەکی گەورە و گرینگ نیە و نابێتە هۆی ئاڵۆزبوونی بیر و زەین، بەڵام قەیرانی فەرهەنگی خەو لەچاو دەتارێنێت.

ئەم وتانەی ڕێبەری ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە حەسەن ڕووحانی لە کاتی هەڵبژاردنەکان‏دا، باسی لە فەزای ئازادی سیاسی لە وڵاتدا دەکرد و بەڵێنی باشتربوونی دۆخی چاپەمەنییەکانی دەدا.

باسی سانسۆر لە وڵاتی ئێران لە لایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە لەحاڵێکدا دێتە بەرباس کە بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسانی نیۆیۆرک، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتی سەرۆک کۆماریی حەسەن ڕووحانی‏دا، لە ڕیزی حەوت وڵاتی یەکەمی سانسۆردایە لە جیهاندا و ئەمەش مەترسییەکی جیدی بۆ چاپەمەنییەکانی ئەو وڵاتە بەئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن دامەزراوەی فریدۆم هاوس کە چاوەدێریی ئازادیی میدیاکان دەکات، بڵاو بووەتەوە، ڕێژیمی ئێران لەنێو ١٩٧ وڵاتی جیهاندا، لە پلەی ١٩٠ و لە ڕیزی وڵاتانی بێلاڕووس، کوبا، تورکەمەنستان، ئۆزبەکستان، کورەی باکوور و گینەی ئوستوایی‏دا جێی گرتووە.