کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات بەشداری لە هەژدەهەمین کۆنفرانسی ناوەندی خوێندەنەی ڕۆژهەڵاتی ناوڤین و ئافریقادا کرد

21:00 - 18 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا بە پێشکەش‌کردنی وتارێک لە سەر ڕوانگەی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر دێموکراسی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پێوەندی ئەو دوو چەمکە بە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر نەتەوەی کورد بەشداری لەو کۆنفرانسەدا لە واشینگتون کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ڕێکەوتی ١٤ و١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری واشینگتۆن، ناوەندی خوێندنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئافریقا ئاسمێیا هەژدەهەمین کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بە بەشداریی دەیان ئاکادیمیسیەن و نوێنەرانی سیاسی لە وڵاتانی جیهان بەڕێوە برد. لەم کۆنفرانسە کە بە شێوەی ساڵانە بەڕێوەدەچێت ئاکامی چەندین لێکۆڵینەوەی ئاکادیمیکی تێیدا پێشکەش دەکرێت و پێوەندیه‌ک لە نزیکەوە لە نێوان کەسایەتییە سیاسییەکان و لێکۆڵەرەوەکان دادەمەزرێت.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کۆنفرانسی ئەمساڵی ئاسمێیا گرینگیدان بە کوردستان و ڕۆڵی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بووکە جگە لە چەند ئاکادیمیسیەنی کورد، بەیان سامی عەبدولڕەحمان بە نوێنەرایەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، \'\'ئارش ساڵح\'\' نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا و هەروەها سینەم موحەممەد\'\' نوێنەری دەرەوی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا لەو کونفرانسەدا بەشدار بوون.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو کونفرانسەدا، بە پێشکەش‌کردنی باسێک لەسەر پێوەندی سەقامگیری سیاسی و دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ڕوانگە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی لەهەمبەر کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و داهاتووی ناوچەکە خستە ڕوو. لەم پێوەندیەدا ئارش ساڵح باسی لەوە کرد کە گرینگترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانەوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەداهەمان ئەو سەرچاوەشە کە کێشەی کوردی پێک هێناوە و هەر ئەوەشە کە دیکتاتۆرەکانی پێک هێناوە. ئەو سەرچاوەش لە ڕاستیدا ئەو پێوەندیە سیاسی کۆمەڵایەتیانەیە کەلەسەر بنەمای سەردەست بوونی پێکهاتەیه‌ک و ژێر دەستی پێکهاتەکانی دیكه‌ بونیات نراوە. ئەو وتی کە هەوڵدان بۆ توواندنەوەی نەتەوەکان وەکوو نەته‌وەی کورد وای کردوە کە وڵاتانیڕۆژهەڵاتی ناڤین بۆ وێنە ئێران دیکتاتۆریەت و سه‌ره‌ڕۆیی لەباوەش بگرن و ئەو دیکتاتۆریانەش بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان هەردەم پێویستیان بە کێشە نانەوە و ئاژاوەگێڕانه‌.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئارش ساڵح وتی کە بە باوەڕی حیزبی دێموکرات سەقامگیری و دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەت لە ئێراندا پێویستە پێکەوە و وەک یەک پەکەیج بخرێنە بەرچاو. بۆ ئەم مەبەستەش پیویستە پێش لە هەرشتێک بگەڕێینەوە بۆخواست و داخوازەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە هەموو پێکهاتەو شوناسە کۆمەڵایەتیەکانیانەوە.

نوێنەری حیزب لە ئامریکاداهێمای بۆ ئه‌وه‌کرد کە بنەمای سەرەکی بەرنامەی سیاسی حیزبی دێموکرات مافی چارەی خۆنووسینە و بە باوەڕی ئەوان یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان لە ڕاستیدا بە دامەزراوە کردنی ئەو مافەیە بۆ ئەوەی جیلی داهاتووش بتوانن بڕیار لەسەر مافی خۆیان بدەن.