کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری نێونەتەوەیی سوسیال دێموکراتی سوید

21:36 - 26 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ مۆرتن لوێفبەری Mårten Lofberg)) نوێنەری نێونەتەوەیی سوسیال دێموکراتی سوید لە پارلمانی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنی کرد و باسی هەلومەرجی حیزبی دێموکرات و کێشە و پرسەکانی کوردستانیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، حەمید تەیمووری لەگەڵ مۆرتن لوێفبەری نوێنەری نێونەتەوەیی سوسیال دێموکراتی سوید لە پارلمانی سوید کۆبووەوە و چەندین خاڵ و پرسی تایبەت بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردستانیان تاوتوێ کرد.

لەو دیدارەدا تەیمووری باسی هەلومەرجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئاڵوگۆڕەکانی حیزب و ناردنی پێشمەرگە بۆ سەر سنوور و جێگیرکردنیان لە چیاکانی سەر سنووری کوردستان کرد، هەروەها باسی لە کێشەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و گوشاری ڕێژیم بۆ سەر خوێندکاران، چالاکانی مەدەنی، کرێکاران و ژنان و جێگیرکردنی سپای پاسداران، هێزی نیزامی، بەسیجی لە کوردستان و ناردنی هێزی نیزامیی زۆر بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان و ئاژاوە نانەوەی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان کرد.

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لە ئاژاوەنانەوەی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناردنی هێز بۆ عێراق و سوریە و پشتیوانی ئابووری لە حیزبوڵڵا و هێزەچەکدارەکانی یەمەن و ڕاگەیاندنی شەڕ دژی وڵاتی سعوودیە و پێکهێنانی بەسیجی مەزهەبی لە عێراق و ناردنی هێزی وەک حەشدی شەعبی بۆ کوردستانی عێراق و نانەوەی شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و ئەو هێزانە لە شاری دووزخورماتوو و دەوروبەری شاری کەرکووک و هاندانی هاووڵاتیانی شیعە دژی کورد لەو شارانە و دەوروبەری کرد.

حەمید تەیمووری لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لە ئازادکردنی شاری شنگال و دەوروبەری و پاک‏کردنەوەی لە هێزی تێروریستیی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە ئەمەشی وەک دەسکەوتێکی مێژوویی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەنگدانەوەی لە ماس‏میدیای جیهانی ناوزەد کرد.

بەشی کۆتایی ئەو چاوپێکەوتنەش باسێک بوو لەسەر کردەوە تیرۆریستییەکانی پاریس و تەقاندنەوە و کوشتنی خەڵکی سڤیل لە ستادیۆمی تۆپی‌ پێ و کۆنسێرتی گۆرانی و جیگاکانی تری شاری پاریس، کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە ١٣٠ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ٣٥٠ کەس لە لایەن گرووپی تێروریستی داعش و فوندامێنتاڵی مەزهەبی.

لە کۆتاییدا مۆرتن لوێفبەر خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو چاوپێکەوتنە و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان دەربڕی و ناوبراو گوتی کە ڕێژیمی ئێران جێگای متمانە نیە و حیزبی سوسیال دێموکرات و دەوڵەتی سوید پلانیان لەبەردەستدایە بۆ کێشەی کورد و چارەسەری کێشەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان.