کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوە شێعرێك بە بۆنەی سێیەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ناوەندی وێژان

17:38 - 8 گەلاوێژ 2712

کوردستان میدیا: بە بۆنەی سێیەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ناوەندی وێژان و لە درێژەی كار و چالاكییەكانی خۆیدا شەوە شێعرێكی بۆ دوو شاعێری كوردستانی ئێران رێك خست.

بەپێ هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، كاتژمێر 8:30ی شەوی 7 لەسەر 8ی مانگی گەلاوێژی ساڵی 1391ی هەتاوی ناوەندی فەرهەنگی، ئەدەبی و هونەریی وێژان لە درێژەی كار و چالاكییەكانیدا و بە بۆنەی سێیەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی خۆی شەوە شێعرێكی بۆ دوو شاعێر خاتوو ناهید حوسێنی و ئەیاز خوون سیاوەشان پێكهێنا.

لەو شەوە شێعرەدا كە كۆمەڵێك لە ئۆگران و لایەنگرانی شێعر و ئەدەب و ئەندامانی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی وێژان ئامادە بوون، سەرەتا خاتوو ناهید حوسێنی بە پێشكەش كردنی چەند پارچە شێعرێك بەشداربوانی ئاوێتەی خەیاڵی شێعریی خۆی كرد و كەشێكی تایبەتی خولقاند.

دووەمین شاعێری بەشدار بووی شەوە شێعرەكە ئەیاز خوون سیاوەشان بوو كە بە خوێندنەوەی چەند پارچە شێعرێكی خۆی، ساباتێكی لە ئەڤین ساز كرد و كەزیەی خەیاڵی گوێگرانی بە پەنجەی شێعر و ئەندێشە شانە كرد.

ئەو شەوە شێعرە لە كەش و دۆخێكی سەمیمی و شاعێرانەدا پاش یەك كاتژمێر كۆتایی پێهات.