کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات له‌وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ

15:01 - 30 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پێوندییەکانی ده‌رەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ نوروێژ بە سەرپەرستی عەزیم ئەلیاسی سەردانی وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ی ئەو وڵاتەیان کرد و سەبارەت بە پرسی کورد و ڕێژیمی ئێران ئاڵوگۆڕی بیر و ڕایان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ بە سەرپەرەستی عەزیم ئەلیاسی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەیان کرد و لە لایەن Kjell Gunnar Eriksenشەل گوینار ئێریکسێن ڕاوێژکاری پلەبەرزی تایبەت بە کاروباری ئێران پێشوازیان لێکرا.

لەو دیدارەدا، چه‌ند باسێكی گرینگ له‌وانه‌: خەبات و ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە ئێران بە گشتی و کێشەی کورد بە تایبەتی و دانی نرخی گەورە لەم پێناوەدا، کێشەی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆزی کورد لە ناوچەکە باسیان لێوەکرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەیئەتی حیزبی دێموکرات هاوخەمی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ کوژرانی هاووڵاتییەکی نۆروێژی لەلایەن داعشەوە کە ماوەیەک بوو وەک بارمتە لە لایەن ئەم گرووپە تێرۆریستیەوە گیرابوو ڕاگەیاند.

پاشان باس لە حەوت دەیە خەباتی حیزبی دێموکرات لە پێناو مافەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران و دێمۆکراتیزەکردنی ئەم وڵاتە کرا کە بۆ خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات دانی نرخی گەورەی بە دواوە بووە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە درێژەی باسەکاندا تیشکیان خستە سەر جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە سنوورەکانی ڕۆژهه‌ڵات و لەم پێوەندییەدا وه‌ڵامی هێندێک پرسیاری نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژیان دایەوە.

لە لایەکی دیکەوە باسی کێشەی نەتەوەکانی ئێران کرا و لەم بارەشەوە هێما بۆ دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و سیاسەتی کۆنگرە بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەکانی ئێران کرا.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات، باسی کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنی وڵاتانی ٥ کۆ یەک لە گەڵ ئێران هاتە ئاراوە کە لەم بارەشەوە هەیئەتی حدکا پێیان وانەبوو کە ئەم رێکكەوتنە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر باری ئابووریی ئێران هەبێ و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر کات بە گونجاوی بزانێ زۆر بە ئاسانی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. بۆیە بە بڕوای هەیئەتی حیزبی دێموکرات تەنیا ڕێگاچارە ئەوەیەکە ئێران دێموکراتیزە بکرێت و دەسەڵاتی سیاسی بە سەر نەتەوەکانی ئەم وڵاتەدا دابەش بكرێت.

لە کۆتاییدا، شەل گوینار ئێریکسن خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و لەسەر پێوەندییەکانی هه‌ر دوولا جەختیان کردەوە.