کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کۆچی‌دوایی دانیال میتران‌دا بەشداریی کرد

15:08 - 3 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری لە مەراسمی چوارەمین ساڵیادی کۆچی‌دوایی خاتوو دانیال میتران دا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسەرپەرستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەڕێوەرانی ڕێوڕه‌سمی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو دانیال میتران (ناسراو بە دایکی کورد) بە مەبەستی دەربڕینی وەفا و ڕێزگرتن لە ڕابردووی پڕ لە سەروەری و خزمەتی مرۆیی و پشتیوانیە مەعنەوییەکانی خاتوو میتران دەر‌هەق بە جووڵانەوەی کورد بە گشتیی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە تایبەتی، بەشداریان لەو کۆڕەدا کرد.

ئەو ڕێوڕه‌سمه‌ بە بەشداریی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کونسوولی گشتیی فەرانسە لە هەولێر و جێلبێرت میتران کوڕی دانیال میتران و نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی چوراپارچەی کوردستان و کەسایەتییە سیاسی و نیشتمانپەروەرانی گەلەکەمان بەڕێوە چوو.

لە ڕێورەسمەدا، وتارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وتاری کونسوولی گشتیی فەرانسە و وتاری جیلبێرت میتران و وتاری دکتور کەنداڵ نەزان سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس و وتاری دەزگای هونەری و ڕۆشنبیریی شوان پەروەر پێشکەش کران.

ئەو ڕێوڕەسمە لە لایەن دەزگای هونەری و ڕۆشنبیری شوان پەروەر و بە پشتیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێک‌‌هاتبوو.