کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ڕێككه‌وتننامه‌ی ناوكی بازرگانیی نێوان ئێران و ئورووپا ١١% دابەزیوە‌

15:29 - 8 سەرماوەز 2715

كوردستان ‎میدیا: سه‌ره‌ڕای هاتوچۆی هه‌یئه‌ته‌ بازرگانییه‌كانی ئێران و ئورووپا له‌ پاش ڕێككه‌وتننامه‌ی ناوكی و بانگه‌شه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌مه‌ڕ باشتر بوونی دۆخی ئابووریی و بازرگانیی ئه‌م وڵاته،‌ ئاستی بازرگانیی هه‌ردوولا ١١% كه‌می كردووه‌.

ڕۆژنامه‌ی صبح اقتصاد به‌ پشت به‌ستن به‌ ئاماره‌كانی یۆروئێستات بڵاوی كرده‌وه،‌ ئاڵووێره‌ بازرگانییه‌كانی نێوان یه‌كیه‌تیی ئورووپا و ئێران له‌ پاش واژۆكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ناوكی دابه‌زینی ١١%ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

له‌ مانگی جولای ٢٠١٥دا، ڕێككه‌وتننامه‌ی ناوكی واژۆ كرا و ڕێژیمی ئێران بانگه‌شه‌یه‌كی بێسنووری له‌مه‌ڕ باشتربوونه‌وه‌ی دۆخی ئابوریی وڵاته‌كه‌ی له‌ پاش به‌رجام خسته‌ڕێ، به‌ڵام به‌پێی دوایین ئاماره‌كان ئه‌م بارودۆخە نه‌ته‌نیا باشتر نه‌بووه‌ به‌ڵكوو شاهێدی خراپتربوونی ئه‌م كه‌ش‎ودۆخه‌ بووه‌.

به‌پێی ئه‌م هه‌واڵه،‌ ئاڵووێری بازرگانیی نێوان ئێران و ئورووپا له‌ مانگه‌كانی ئوت و سێپتامبری ٢٠١٤دا بریتی بووه‌ له‌ ١.٢٨٨میلیارد یۆرۆ كه‌ ئه‌م ڕێژه‌ له‌ هه‌مان بڕگه‌ی زه‌مه‌نی‏دا، بۆ ئه‌مساڵ بۆ ١.١٤٠میلیارد یۆرۆ كه‌می كردووه‌.

هه‌ر به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ڕێژه‌ی هاورده‌ی ئورووپا له‌ ئێرانه‌وه‌ له‌ دوو مانگی ئوت و سێپتامبردا ٢٧% كه‌می كردووه‌ كه‌ بریتی بووه‌ له‌ ١٦٨ میلیۆن یۆرۆ كه‌ ئه‌م ڕێژه‌ له‌ ساڵی ڕابردوودا ٢٣٣ میلیۆن یۆرۆ بووه‌.

هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی یه‌كیه‌تیی ئورووپا بۆ ئێرانیش ٨% كه‌می كردووه‌ و له‌ ١.٠٥٥میلیارد یۆرۆوه‌ گه‌یشتۆته‌ ٩٧٥ میلیۆن یۆرۆ.