کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یالثارات هێرشی توندی کردە سەر حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران

15:39 - 8 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: یالثارات بڵاوکراوەی ئەنساری حیزبوڵڵای ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە حەسەن ڕووحانی سێ ڕێیانی پێداچوونەوە بە خۆیدا، دەست‌لەکارکێشانەوە و یان لابردنی لە پێشە.

یالثارت بڵاوکراوەی سەر بە ئەنساری حیزبوڵڵای ڕیژیم، ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، هێرشی کردووەتە سەر حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ڕووحانی هیچ پێگەیەکی لە نێو خەڵکدا نییە و خەڵک لە دەنگدانیان لە دەنگدانەکانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە ناوبراو پەشیمانن.

هەروەها ئەو بڵاوکراوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە حەسەن ڕووحانی لەهەمبەر بەڵێنییەکانی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا داونی، هیچ کردەوەیەکی نەبووە و کارشکێنی کردووە و لەسەر کارشکێنییەکانیشی بەردەوامە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بڵاوکراوەیەدا هاتووە کە کەسانێک کە وەک حەسەن ڕووحانی پڕۆپاگەندای لەم چەشنە دەکەن، هەر ئەو کەسانەن کە بە بیر و ئەندێشەی هەڵە وڵات بەرە و دوا دەبەن.

لەو پێوەندییەدا باس لەوە کراوە کە کابینەی حەسەن ڕووحانی توانای بەڕێوەبەریی وڵاتی نییە و ناتوانێت پێداویستییەکانی کۆمەڵگا جێبەجێ بکات و بێ‏ئەزموونیی کابینەی ڕووحانی بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو بارودۆخە نالەبارەی ئابووری لە وڵاتدا هەبێت.

حەسەن ڕووحانی دوای هاتنەسەرکاری وادە و بەڵێنی باشترکردنی دۆخی بژیوی ژیانی خەڵکی دەدا، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە قەیرانی ئابووری بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەستەوەستان ماونەتەوە.