کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمی تەراکتۆرسازی بە هۆی دروشمی کەنداوی عەرەبی جەریمەی نەختی کرا

21:30 - 8 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: بە هۆی ئەوەیکە تەماشاوانانی تیمی تەراکتۆرسازیی تەورێز لە یاریگای خومەینی‌دا دروشمی کەنداوی عەرەبییان بەرز کردەوە، ئەو تیمە بڕی ٢٠ میلیۆن تمەن جەریمەی نەختی کرد.

هاووڵاتییانی ئازەری زمانی شاری تەورێز، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، پێش دەستپێکی یاریی نێوان دوو تیمی تەراکتۆرسازی و سیاە جامگانی مەشهەد لە یاریگای خومەینی دروشمی کەنداوی عەرەبیان (خلیج عرب)یان بەرز کردبووەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی فارسەکانی لێ‏کەوتووەتەوە.

فارسەکان، ئەو هاووڵاتییە ئازەرییانەیان بە ڕەگەزپەرست و ئەو تەماشاوانانەشیان بە گۆپاڵ بەدەستی ڕۆژئاوا و پیادەنیزامی عەرەبستان و ئیسرائیل ناودێر کردووە.

ئەو کارەی تورکەکان لە تەورێز دوای ئەوە دەکرێت کە ماوەیەک لەمەوبەر فارسەکان لە بەرنامەی فتلیەدا بێ‌ڕێزییان بە نەتەوەی تورک لە ئێراندا کردبوو و ئەوەش ناڕەزایەتیی و ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی تورکەکانی لێ‏کەوتبووە و چەندین هاووڵاتیی تورکیش لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار کرابوون.