کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK داوا دەكات بكەران و بڕیاردەرانی تیرۆری پارێزەری كورد لە ئامەد، سزا بدرێن

15:33 - 9 سەرماوەز 2715

كوردستان ميديا: ڕێكخراوی داكۆكی لە مافی مرۆڤی كوردستان بە دەركردنی ڕاگەیەندراوێك، داوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تیرۆری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی شاری ئامەد دەكات.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە كە وێنەیەكی گەیشتۆتە ماڵپەڕی كوردستان ميديا، بەم چەشنەیە:

ڕێزدار تاهیر ئیلچی، پارێزەری ناسراوی كورد لە شاری ئامەد تیرۆر كراوە. ئیلچی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئەو شارە و یەكێك لە داكۆكیكارانی ئاشتی لە توركیە، ڕۆژی ڕابردوو لە گردبوونەوەیەكی جەماوەری و لە كاتی لێدوانێكیدا لە مەڕ بانگهێشتكردنی حكوومەتی توركیە و پارتە كوردییەكان بۆ ئاشتی و دیالۆگ بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە توندوتیژییەكان لەو وڵاتەدا، بە هۆی تەقەی چەند تیرۆریستێك گیانی لە دەست دا.

ئەو پارێزەرە ئاشتیخوازە بەم دواییانە و دوابەدوای بەشداریكردنی لە دیمانەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا و پێداگریكردنی لە سەر تیرۆریست نەبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان و بە هۆی ڕەخنەگرتن لە توندوتیژی خولقاندنەكانی حكوومەتی سوڵتانیزم، بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆریستەكان بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كرابوو و دۆزگەری حكوومەتی داوای زیندانی درێژماوەی بۆ كردبوو.

ڕێكخراوی داكۆكی لە مافی مرۆڤی كوردستان لە ناخی دڵەوە بەداخبوونی خۆی بۆ تیرۆر و مەرگی تاهیر ئیلچی دەردەبڕێ و وێڕای سەرەخۆشی لە هەموو ئاشتیخوازان و خەڵكی شاری ئامەد و خەڵكی كوردستان و توركیە بە بۆنەی گیانلەدەستدانی ئەو خەباتگێڕەی ڕێگای ئاشتی، داوا دەكات لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم ڕووداوە تیرۆریستییە بكرێت و بكەران و بڕیاردەرانی تیرۆری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی شاری ئامەد پاش دۆزینەوە، دەستبەسەر بكرێن و سزای یاسایی بدرێن.

ڕیكخراوی داكۆكی لە مافی مرۆڤی كرودستان
تاران ٨ی سەرماوەزی ١٣٩٤
٢٩ی نۆڤامبری ٢٠١٥