کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆ پێشمەرگە

21:21 - 24 سەرماوەز 2715

مەلا برایمی مەجید پور

هۆ پێشمەرگە، هـۆ پـێشمـەرگە، هـەڵـۆی لـووتـکـەی چـیـای بـەرزی کـوردستانــم ، موژدە دەری ڕزگاریی گەل، پاڕێزەری گیان و ماڵ و ئاو و گڵ و نیشتمانم.

کام قەڵەمە کە بتوانێ ڕادەی غیرەت و توانا و لەخۆ بردوویی تۆ بۆ نەوەی نوێ بنووسێتەوە؟!کام زمانە کە بتوانێ نەبەرد و هەڵمەت و بوێری و خۆڕاگرییەکانت بگێڕێتەوە و شییان بکاتەوە؟! کامە دایکە وەک دایکی تۆ شانازی بە مەرگی جگەرگۆشەکەیەوە بکا و داستانی قـارەمانەتییەکانت بـۆ دەر و جیران و دەستە خوشکانی بگێڕێتەوە؟! کامە باوکە وەک باوکی تـۆ سەربـەرزانـە خـۆی وەکوو باوکی شەهید بناسێنێ و بە فیداکارییەکانی تۆ سەری بەرز بکاتەوە؟! کامە خوشکە وەک خوشکی تـۆ سروودی قارەمانیەتیت لـە شینگێڕییەکەت‏دا بـۆ گەل و دەستە خوشکانی دووپات و چەنـد پات بکاتەوە؟! کامە بـرا وەک بـراکەی تـۆ بە وەفاوە ڕێگەکەت بگرێ و لە دوژمن سڵ نەکاتەوە؟! کامە مرۆڤ وەک تـۆ بە مەرگەکەی نـاو و نـاوبانگ دەربکات و لـە مێژودا سەبتی بکا و لە دنیاشدا دەنگ بداتەوە؟! کام مەرگە وەک مەرگەکەی تۆ، بە هاتنی، سەرلەنـوێ زیندووت بکاتەوە و پێناسە و میدالیای قارەمانیەتیت بە بەرۆکت‏دا شۆڕ کاتەوە؟! کامە گەل هەیە وەک گەلی تۆ، بە تۆ پشت ئەستوور بێ و پشتیشت بگرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت و بـۆ پارێزگاری لە سەر و ماڵی، بە تـۆ دڵنیابێ و پاڵی لێ داتەوە؟! کام شەرع‏زانێکی ڕاستەقینەی لـە خواتـرس هـەیـە کە مەرگی تـۆ، وەک نموونەی مەرگی یاوەرانی پێغەمبەر لێک نەداتەوە؟! کامە خاک لەو شوێنە پیرۆزترە کە خوێنت بـۆ ڕزگاریی ئـەو و لەسەر ئـەو ڕژاندوە؟! کام هێزی چەکدار هەیە لـە تـۆ ئیمانی بـەهـێزتـر و ورەبـەرزتـر بێ، کە بـۆ نـەجاتی گیانی هاوسەنگری بریندارت گیانی خۆت لەدەست داوە؟! کێ هەیە لە تۆ ڕۆح بەرزتر، کە بـۆ ڕزگاریی گەل و نیشتمان، ژیان و ژن و منداڵ و دایک و بابت بەجێ هێشتووە و وەلا ناوە؟! کام نووسەر هەیە کە بتوانێ ئەوەی شیاوی مەزنیی و بـەرزیی تۆیە لە کتێبێکدا بـنووسێتەوە؟! کام هەڵبەستوانە کە تـوانیبێتی و بتوانێ وەکـوو پێویست حەماسەکانت لـە هـەڵبەستەکانـیـدا جـێ‏کاتەوە؟! کێ دەتـوانێ وەک تـۆ، ناوی بچێتە ناو لیستی ئەو مرۆڤە هەڵکەوتوانەی کە بوونە پێشەنگی خۆبەخشی، بۆ ڕزگاریی زێد و نەتەوەکەیان؟! کام مەفرەزەیە وەک تۆ، کە لە حاڵی ڕۆیشتن بـۆ شەڕی دوژمـن، بـیکاتە هـەڵپەڕکێ و بـەگۆرانـی دڵی هاوڕێیانی تری ڕوون و گەش بکاتەوە؟! بێگومان هەر خۆتی، خاوەنی ئـەو توانا و غیرەت و عەلاقە و لێبووردەییەی،کە بـەرزتـریـن پـلەی ئـازایەتی و مەردایەتی و بـەتـواناییت لـە مێژودا بـە ناوی خۆت سەبت کردووە. خۆ باسی نرخ و بایخ و جێگە و پێگەت لە ڕوانگەی ئیسلامەوە هەر ناکرێ، کە خوا بەڵێنی بەهەشتی پیداون و لە ڕیزی پەیامبەران و ساڵحاندا ناوتان هێندراوە.

بە وتەیەکی تر، وەک چۆن لە دنیادا بـۆ مـەرگ لە پێشەوە بـووی، لـە قیامەتیش پێشەنگی ئیماندارانی. با قسەی کۆنە ناسیاوێکی ئازەریت بۆ بگێڕمەوە؛ ئەو کابرایە لە منی ڕاسپاردبوو، دڵنیابن ئەگەر خائین و خۆفرۆشی خۆیی و دژایەتیی نێو خۆتان لێ‏بگەڕێ زوو سەردەکەون، چوونکە ئـەوڕۆ پێشمەرگەکانتان، هـاوسەنگەریان دەکوژرێ، سبەینێ شایی دەگرن و بەگۆرانی باسی فیداکارییەکەی دەگێڕنەوە.

ئێمە زیاتر لە هەزار ساڵە حوسێنمان لێ شەهیدکراوە، ئێستاش بە گریان و قوڕپێوان یادی دەکەینەوە!! ئەی پێشمەرگە! تـۆ ئەو کەسەی دنیات نەویستووە و سەربەرزیـی و کەرامەتت لەجێی داناوە، بۆیەشە ناوبانگی دنیا و ڕزگاریی ئەولاشت وەدەست هێناوە. تـۆ لە تاریکیی شەوەزەنگی دروستکراوی شەمشەممەکوێرەکاندا، چرای هیوات لە دڵی گەل‏دا هەڵکردووە. تـۆ ئەو ڕۆڵە کوردەی، ئەو دوژمنە زۆر و زەبەلاح و دڕندەیەت زراو بردوو و تۆقاندووتە. تـۆ ئەو ماندوونەناسەی لە بەرزترین چڕ و هەڵەمووت، تا سەرنەکەوتووی، نەوەستاوی.

بە شانازییەوە مەرگت ویستووە و نەدۆڕاوی. تۆ ئەو هێزەی، بۆیە چقڵی چاوی دوژمنانی و بەناو دۆستی نەزانیش، ئێرەییت پێ‏دەبەن و تانە و تەشەرت لێ‏دەدەن. تـۆ مـایەی سەربـەرزیی و شانازیی هەمـوو ئەویندارانی گەل و نیشتمانی. تـۆ ئـەو ڕۆڵـە بـەئـەمـەگەی سەرەڕای پڕوپاگەندەی دوژمنان و نەیارانی خۆیی! بـە دنیات سەلمانـدووە، نـەک هـەر لـە بـەرەنـگاریی و نـەبـەردی‏دا ئـازای، بـەڵـکوو لـە هـەبـوونی ئـەخلاقی شۆڕشگێڕانـە و مـرۆڤـدۆستی‏دا ئـازاتـری. دەگەڵ هـەمـووی ئـەوانـە و سەدان هـەزاری تریش، مـن داوای لێبووردنت لێ‏دەکەم، ئەوەی دەبێ بۆت بنووسم و پێتی بڵێم، ناتوانم نە بیخەمە سەر کاغەز و نە بە زمان بیڵێمەوە. سەربەرزم کە پیرە پیاوێکی هـاوسەنگەرتانم، بەیادتانەوە دەژیـم و هـەر بەو یادەشەوە دەمـرم و وەک مام ‌هەژاری ڕەحمەتی کوتویە: لەو دنیاش بۆتان تێ‏هەڵدەچـمـەوە.

پێشکەش بە ڕۆحی پاکی شەهیدان و هەموو پێشمەرگەکان و سەرجەم گەڵی کوردستان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە