کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK : ماڵپەڕی ئیرنا داوای لێبوردن لە خەڵکی کورد بکات

14:22 - 25 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان داوای ڕەچاوکردنی ئەخلاق، ڕێسا و بنەما پیشەییەکان ، یاسا و مافی مرۆڤی لە میدیاکاران و میدیاکان کردووە .

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە مالپەڕی کوردستان میدیا ، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بێرێزی بە داب و نەریت، جل و بەرگ، ئۆگری و داراییەکان، زمان و فەرهەنگی خەڵکەکەمان پاساو هەڵنەگر و بە ناپەسەند لە قەڵەم داوە.

دەقی بەیاننامەی ڕێکخراوی داکۆکی مافی مرۆڤی کوردستان کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە ، وەک خۆی لەخوارەوە هاتووە:

هەروەک کە لە ماڵپەڕی هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی ئێران_ئیرنا_ دیارە ، ئەم هەواڵدەرییە حکوومەتییە لەپەیوەندی لەگەڵ سەفەرەکانی ئەم دواییانەی مەسعوود بارزانی بۆ عەرەبستان و تورکیا، چەند ڕۆژ پێش بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی شرۆڤەیی بە نێوەڕۆکی ورووژێنەر و تێکەڵ بە بێرێزی هەستی نەتەوایەتی خەڵکی وکردی خەوشەدار کردووە. لە ڕوانگەی زۆربەی شارەزایانەوە لە ڕاپۆرتی ئاماژەپێدراودا بە خستنە ڕووی هێندیک ڕخنە و تۆمەتی بێ بنەما لەسەر ڕێبەرانی هەریمی کوردستان، بە ئاشکرا بێ ڕێزی بە شێوەی جل و بەرگ و نەریت و فەرهەنگی خەڵکی کورد کردووە کە ئەمەش تووڕەیی و ناڕەزایەتی بەشێک لە هاووڵاتیانی کورد، کێشەی دەروونی ، کۆمەڵایەتی_ مەدەنی لە کوردستاندا لێکەوتووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەشێک لە هاووڵاتیانی کورد پەیوەندییان بە هەواڵنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان کردووە و بەدەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان، داوای دژکردەوەیڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و دامەزراوە مەدەنی و خەڵکییەکانی دیکەیان کردووە لەهەمبەر بێرێزی هەواڵدەریی حکوومەتی ئیرنا .

رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان ، وێڕای ئەوەی داوا لە هاووڵاتیانی کوردستان دەکات کە دان بەخۆیاندا بگرن و هێمنی خۆیان ڕابگرن داوای کە خەڵکی کورد کردووە وەک پێشوو ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین، پەسەند کراوی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بگرن، هەروەها داوای ڕەچاوکردنی ئەخلاق، ڕێسا و بنەما پیشەییەکان ، یاسا و مافی مرۆڤی لە میدیاکاران و میدیاکان کردووە .

ئەم ڕێکخراوە بێرێزی بە داب و نەریت، جل و بەرگ، ئۆگری و داراییەکان، زمان و فەرهەنگی خەڵکەکەمان پاساو هەڵنەگر و بە ناپەسەند دەزانێ و داوا لە هەوالدەریی کۆماری ئیسامی ئێران دەکات بە مەبەستی گەڕانەوەی تەناهی بۆ کۆمەلگا بە نیسبەت ئەو وتارە تێکەڵ بە بێرێزییە بەفەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات .

تاران ٢٣ سەرماوەزی ١٣٩٤ _ ١٤ی دێسامبری ٢٠١٥ی زایینی
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان