کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات ماڵئاوایی لە ژیان کرد

15:48 - 17 سەرماوەز 2715

كوردستان ميديا: ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی يەكشەممە ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٤، دایە بەهارخشمانی کچی موراد، خەڵکی گوندی هلۆریی مەحالی‏دەشت و دانیشتووی گوندی دزەی مەرگەوەر، لەتەمەنی ٧٤ ساڵی‏دا، بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.

دایە بەهار پاش ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، پێوەندیی بەحیزبەوە دەکات و وەکوو هاوکار و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا چالاکیی و تێکۆشانی دەست پێ‏دەکات.

پاش شەهیدبوونی دوکتورقاسملوو، دایە بەهار خۆی ڕەشپۆش کرد و تا دوا ساتی ژیانی، وێنەی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو لە باخەڵیدا بوو.

دایە بەهار تامەزرۆی ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان بوو، هەر بۆيه لەوکاتەدا کە بۆچارەسەری نەخۆشییەکەی دەچێتە لای دوکتور، داوای لێ دەکا کە نەهێڵێ بمرێ، دوکتور هۆکارەکەی لێ دەپرسێ و دایە بەهاریش پێی دەڵێ: پێم خۆشە ئازادیی کوردستان بەچاوی خۆم ببینم.

حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری دایە بەهار دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.