کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم تەقەیان لە خەڵکی گوندێک کردووە لە نزیکەی شاری بێهبەهان

16:51 - 26 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: تەقەی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لە خەڵکی گوندێک لە نزیکەی شاری بێهبەهانی پارێزگای خووزستان، کوژراوێک و ٢ برینداری لێ‏کەوتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێ‏شەممە خەڵکی گوندی شەهروویی سەر بە شارستانی بێهبەهان لە بەرامبەر پاڵاوگەی بید بۆلەندی (٢)دا ڕیز دەبن و داوای دامەزراندنیان لەو پاڵاوگەیە دەکەن.

بە مەبەستی تێکدانی ڕیزی خەڵک، هێزی ئینتیزامی دەگاتە شوێن و پاش تەقە کردن لە خەڵکی گوندەکە، کەسێکیان لێ دەکوژن و ٢ کەسیش بریندار دەکەن.

دەگوترێت کە لەو تێکهەڵچوونەدا، ٣ کەس لە خەڵکی گوندەکەش دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لەو تێکهەڵچوونەدا، یەک کەسیش لە هێزە ئینتیزامییەکان بریندار بووە.

فازڵ محەممەدپوور دادستانی(سەردۆزگەر) بێهبەهان سەبارەت بە دوایین وردەکارییەکانی تێکهەڵچوونی خەڵکی گوندی شەهرووی لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان، گوتی: هەندێک لە خەڵکی گوندێک بە ناوی شەهرووی سەر بە شارستانی بێهبەهان کە لە نزیکەی پاڵاوگەی بیدبۆلەندی (٢) دەژین، خوازیاری دامەزراندنیانن لەو پاڵاوگەیە، ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند مانگ لەوەبەر کە بەداخەوە ڕۆژی ڕابردوو، لە دەرئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا، یەک کەس کوژراوە و ٢ کەسیش بریندار بوونە کە یەکێک لە بریندارەکان لە هێزە ئینتیزامییەکانە.

بە گوتەی فازڵ محەممەدپوور دادستانی بێهبەهان، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەم ڕووداوە بەردەوامە.

هەندێ لە سەچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هۆکاری تووڕەبوونی خەڵک، بۆ کەڵک وەرنەگرتن لە خەڵکی خۆجیی و دامەزراندنی خەڵکی ناخۆجێی لەو پاڵاوگەیە دەگەڕێتەوە.