کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەک لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا

14:15 - 30 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: مام فەتحوڵڵا ڕەحیم‌پوور کوڕی محەممە کەریم خەڵکی شاری نۆدشە سەر بە بەخشی نەوسوود لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان‌دا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مام فەتحوڵڵا ڕەحیم‌پوور کوڕی محەممە کەریم خەڵکی شاری نۆدشە لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە تەمەنی ٩٠ ساڵێدا بە هۆی نەخۆشی لە شارۆچکەی کانی دیناری مەریوانسەنگەری دێموکراتی بۆ هاوڕێیانی تێکۆشەری بەجێهێشت.

مام فەتحوڵڵا لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە هۆی خەباتی بەردەوامی کەسێکی نەناسراو نیە، بە تایبەت لە نێو ڕێبەریی حیزب‌دا. مام فەتحوڵڵا یەکێک لەو پێشمەرگە قەدیمیانەی حیزبی دێموکرات بوو کە زۆربەی تەمەنی لە ناو حیزب و لەپێناو مەسەلەی ڕەوای گەلی کورد و پرسی نەتەوەیی تەرخان کردووە.

ناوبراو ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی، پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە کۆنگرەی دووهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە گوندی سوینێی عێراق گیرا، وەک ئەندامی کۆنگرە هەڵبژێردرا و بە نوێنەرایەتیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هەورامان لەو کۆنگرەیەدا بەشداریی کرد.

مام فەتحوڵڵا ماوەیەک لە زیندانەکانی ڕێژیمی ڕووخاوی پاشایەتی‌دا زیندانی کرا و پاشان کە ئازاد کرا، لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەی، لە خەباتی نێهێنیی حیزبی بەردەوام بووە.

لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی‌دا، کە ڕێژیمی شا ڕووخا و گەلانی ئێران توانیان بە سەر سیستمی پاشایەتیدا زاڵ بن و دوای دەست‌پێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مام فەتحوڵڵا یەکێک بوو لەو ڕۆڵە بەهەست و شۆڕشگێڕانە و لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی لە شاری نۆدشە‌دا دەستی بە خەبات و کاری ڕێکخراوەیی حیزبی کرد و پاشان لە هێزی پێشمەرگەی شاهۆدا سازمان درا و دەستی بە خەباتی چەکداری کرد.

مام فەتحوڵڵا هەمیشە لە خەباتی بێ‌پسانەوەی خۆی بەردەوام بوو و لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی هەورامان‌دا بەشدار بوو.

ناوبراو ساڵێ ١٣٧٥ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشی درێژخایەنی خێزانەکەی و لەسەر داوای حیزب نێردرایەوە بۆ زێد و ماڵی خۆی، ئەگەرچی بە حەزی خۆی نەبوو، بەڵام کەند و کۆسپی ژیان ناچاری کرد کە بە پێچەوانەی مەیلی خۆی بجووڵێتەوە و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە کار و تێکۆشانی بەردەوام مایەوە.

مام فەتحوڵڵا سەرئەنجام ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مام فەتحوڵڵا دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.