کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتی HDP لە پێوەندییەكانی حیزب لە شاری هەولێر

15:11 - 30 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پارتی دێموکراتی گەلان سەردانی بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاری هەولێر کرد و پێداگریان لە سەر هاوهەڵوێستی هێزە کوردستانییەکان لەم قۆناغە هەستیاریەدا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پارتی دێموكراتی گەلان HDP لە هەرێمی كوردستان، پێكهاتوو لە خاتوو شیلان محەممەد ئەمین ئوغلو و عابید ئیكە سەردانی پێوەندییەكانی حیزبی دێموكرات لە هەولێریان كرد و لە لایەن هەیئەتێكی حیزبی دێموكراتەوە بە سەرپەرستی بەڕێز محەممەد صالح قادری ئەندامی كومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندیەكانی حیزب لە هەولێر پێشوازیان لێكرا.

سەرەتا محەممەد ساڵح قادری وێرای بە خێرهاتنی شاندی HDP باسێكی لە سەر مێژووی حیزب و پرەنسیپەكانی لەهەمبەر پارچەكانی دیكەی كوردستان پێشکەش کرد و هیوای خواست لایەنە سیاسیەكانی هەركام لە بەشەكانی كوردستان بە لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندیەكانی خەباتی خۆیان، رێز لە ئیرادە و جیاوازیەكانی یەكتر بگرن و دوور بن لە سیاسەتی دەستێوەردان و كاری تاك رەوانە، بە تایبەت لەو قۆناخە هەستیارەی ئێستادا كە هێزەكانی پێشمەرگە لە پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان و بەرپەرچدانەوەی پیلانی نەیاران دا توانی پێگە و كاریگەری جوولانەوەی دێموكراسیخوازی كوردستان لە شەری دژی تێروریزمدا بخاتە رۆژەڤی جیهانیدا و باندۆرێكی باشی لە ئاستی نێوخۆیی و نێو نەتەوەییدا بۆ بەرەو پێشچوونی دۆزی كورد دروست بكات.

خاتوو شیلان وێرای خستنە رووی دۆخی ئێستای باکووری کوردستان و تەنگەژەی نێوانیان لە گەل دەولەتی تورکیە، سیاسەتەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەسەر پرسە نەتەوەیییەكان بەرز نرخاند و داوای بەردەوامی پێوەندیەکان و پشتیوانی لە خەباتی هادەپ کرد.

لە كوتایی دا دوو لایەن هاوڕا بوون كە پێویستی یەكتر قبوڵكردن و تەبایی لایەنەسیاسیەكانی كوردستان وەك بەرپرسیارەتیەكی نەتەوەیی ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر خۆی دەنوێنێ‌ و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بەدەر لە بەرژەوەندی تەسكی حیزبێك ، لە سەر بنەمای كاری هاوبەشی و راگرتنی هاوسەنگی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی دا هەموو هێز و لایەنێك لە ئاست بەرپرسایەتی خۆیاندا ولامدەر بن و بە هاوفكری و هاوكاری زیاتری نێوانیان ژینگەیەكی لە باری سیاسی بۆ بەرەو پێشچوونی جوولانەوەی كورد بەرهەم بێنن.