کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەندیسی ichr ی زانکۆی تۆرێنتۆی کانادا درا بە محەممەد سدیق کەبوودوەند

21:30 - 7 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: تەندیسی ichr ی زانکۆی تۆڕێنتۆی کانادا بە محەممەد سدیق کەبوودوەند چالاکی مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پێشکەش کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تەندیسی ichr ی زانکۆی تۆڕێنتۆی کانادا کە ناوەندێکی مافی مرۆڤه، بە بەشداریی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، بە نوێنەرایەتیی لە محەممەد سدیق کەبوودوەند، پێشکەش بە هاوژینی کرا.

لە نامەی ئەو ناوەندەی مافی مرۆڤدا کە لە لایەن سێ خوێندکاری زانکۆی تۆرێنتۆوە دامەزراوە هاتووە، ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونی کەبوودوەند لە ڕاستای بەرەو پێشبردنی مافی مرۆڤ دەگرین و هیوادارین ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکە ناسراوەی مافی مرۆڤ بە زووترین کات لە زیندان ئازاد بکرێت.

لە درێژەی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی تەندیسی زانکۆی ichr ی تۆرێنتۆی کانادا، ئیجلال قەوامی وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕاپۆرتێکی لەسەر دوایین دۆخی محەممەد سدیق کەبوودوەند پێشکەش کرد.

ناوبراو گوتی: ئازادیی مەرجدار، مافی هەر زیندانییەکە و هەتاکوو ئێستا ئەو مافە بۆ کەبوودوەند جێبەجێ نەکراوە.

قەوامی لە وتەکانیدا سپاس و پێزانینی خۆی بە نیسبەت هاوسۆزیی و هاوکاریی مرۆڤ تەوەرانەی خەڵک لەگەڵ بنەماڵەی کەبوودوەند دەربڕی.

پەرینازحوسێنی هاوژینی محەممەد سدیق کەبوودوەند، لەو ڕێوڕەسمەدا گووتی: هاوسۆزیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، بە گەورەترین سەرمایەی مەعنەوی دەزانێ.

هەروەها تووران کەبوودوەند خۆشکی کەبوودوەند لەوەیکە خەڵک محەممەد سدیق کەبوودوەند و زیندانیانی دیکەیان لەبیر نەکردووە، سپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، دادستانی تاران بۆ دووهەمین جار لە پەیوەندی لەگەڵ ئاڵوگۆڕی دۆخی دەستبەسەریی کەبوودوەند و گۆڕینی بە ئازادیی ‏مەرجدار دژایەتی کرد.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا، داوای لە مافخوازەکان، ئازادیخوازەکان و ئاشتیخوازانی ئێران و کوردستان و ویژدانە نووستووەکانی جیهان کرد، تاکتیکی سەرکوتکردن بە مەبەستی تەریک خستنەوە و لەبیرکردنی کەبوودوەند بشکێنن.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر و لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری تارانەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی لە ڕێگای دامەزراندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانەوە، بە ١٠ساڵ زیندان حوکم درا.

ناوبراو بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی پەیوەندیی کردن بە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و پەیوەندی لەگەڵ کۆفی عەنان سکرتێری پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەنە بیانییەکان بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا، کە لە کۆی گشتی‏دا، ١١ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو حوکمە لە لقی ٥٦ی دادگای پێداچوونەوەی تاران، بۆ ١٠ساڵ کەم کرایەوە.

کەبوودوەند لە کاتی دەستبەسەر کردنی هەتاکوو ئێستا، دووجار تووشی وەستانی دڵ و مێشک بووە.