کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەما گشتیەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان

21:23 - 9 بەفرانبار 2715

ئارش ساڵح

پرەنسیپە سەرەکییەکان و بنەما گشتییەکانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان تەنیا هەندێک ڕێنوێنی بۆ دەزگای دیپلۆماسی حیزب نین بەڵکوو هەندێک هێڵی گشتین کە شێوە ڕوانینی حیزب لەهەمبەر سیاسەت لە کوردستان ڕوون دەکەنەوە و هەڵسووکەوتی ئەندامانی حیزب لە پانتایی گشتی ڕێک دەخەن. بۆیە ڕەچاو کردنی ئەو پرەنسیپانە نەتەنیا ئەرکی دەزگای دیپلۆماسی بەڵکوو ئەرکی ئەندامانی حیزبە لە هەڵوێست گرتنیان لە پێناو کێشە نێوخۆییەکانی کوردستان. ئەمە نەتەنیا پەرەدان بە پرەنسیپەکانی حیزبە بەڵکوو ئەرکێکی هەرە گرینگی هەموو ئەندامان بۆ مونسەجێم کردنی هەڵسووکەوتی حیزب ڕوومەتی حزیبە. بۆیە زانین و لیکدانەوە و تەفسیری ئەو پرەسنیپانەی کە تا ئێستا ڕەنگدانەوەیێکی کاریگەریان لە پێوەندیەکانی حیزبدا هەبووە گرینگیێکی تایبەتی هەیە. دیارە لە بنەماکانی زانستی حقوقدا پرەنسیپێک هەیە کە دەڵێت بۆ تەفسیر کردن و لێکدانەوەی هەر بەندێکی یاسا پێویستە ڕۆحی گشتی یاسا لەبەرچاو بگیردرێت واتە هیچ پرەنسیپێک ناکرێت لە بۆشاییدا و بە جیا لە کانتێکستی خۆی لێک بدرێتەوە. بۆیە لێکدانەوەی ئەم پرەنسیپانەش پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستیەکان و ڕۆحی گشتی زاڵ بەسەر بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆ و بنەما تیۆریکەکانی حیزب ئەنجام بدرێت.

یەکێک لە بنەڕەتیترین پرەنسیپەکانی حیزب بۆ پێڕەو کردن لە بەشی پێوەندیەکانیدا پاراستنی سەربەخۆییە. حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران هەموو کاتێک و لە بەشێکی زۆر لە مێژووی خۆیدا، پاراستنی سەربەخۆیی خۆی وەکوو یەکێک لە گرینگترین پێناسەکان و گرینگترین پرەنسیپەکانی خۆی زانیوە و هەوڵی بۆ داوە. دیارە سەردەمێک لە کانتێکستی تایبەتی خۆیدا و لە باروودۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکەدا ئەم پرەنسیپە بە شێوەیێکی کردەوەیی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ڕوون کراوەتەوە و ئەندامان توانیویانە لە لێکدانەوەکانی خۆیان و تەنانەت لە هەڵسوکەوتی تاکی خۆشیاندا ئەو پرەنسیپە ڕەچاو بکەن. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی کانتێکستی سیاسی کۆمەڵایەتی و لەگەڵ ئاڵووگۆڕە بنەڕەتیەکانی هێزە سیاسیەکانی ناوچە پێویستە بە شێوەی کرده‌كی ئەو پرەنسیپە سەر لە نوێ دابرێژڕێتەوە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە لەلایەن ئەندامانیەوە بخاتە بەر تاوتوێ.

لە باروودۆخی ئێستای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناویندا و بە سەرهه‌ڵدانی هەندێک کێشە لە نێو ئەحزابی سیاسی کوردستان کە لە بنەڕەتدا کێشەی سیاسین، پێویستی گەڕانەوە بە مەسەلەی سەربەخۆیی زیاتر بەرچاو دەکەوێت. پێویستی لێکدانەوەیێکی نوێ و بەکارهێنانەوەی سەر لە نوێی ئەو چەمکە لە سیاسەتە گشتی و سیاسەتەکانی ڕاگەیاندنی حیزب و هەروەها شێوازی هەڵسووکەوتی ئەندامان لەسەر دنیای مەجازی زیاتر لەهەر کاتێک بەرچاو دەکەوێت.

پێش هەر شتێک سەربەخۆیی هەر حیزبێک و پابەند بوون بەو پرەنسیپە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تێگەیشتنی گشتی هەر حیزبێک لە هەمبەر پێویەندییە سیاسیەکان زیاتر لەوە لەسەر بنەمای هەست و سۆز بێت لەسەر تێگه‌ی بێ واسێتەتر لە ڕاستی (واقعیەت) بێت. یەکەم، پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە مەبەست لە تێگەیشتنی گشتی شێوە ڕوانینی زاڵ بە سەر زۆربەی ئەندامان و بەدەنە و ڕێبەرایەتی ئەو حیزبەیە. لە هێچ حیزبێکدا جیاوازیێکی زۆر لە نێوان تێگەیشتنی گشتی حیزب و تێگەیشتنی ڕێبەرایەتی بەدی ناکرێت. دیارە بە هۆی جیاوازی و قورسایەتی ئەرکەکان و دەسڕاگەیشتن بە هەندێک سەرچاوەی زانیاری تا ڕادەیێک لە جیاوازی هەیە بەڵام بە گشتی ئەو جیاوازیە زۆر بەرچاو نیە. هەروەها پێویستە بگوترێت کە مەبەست لە تێگه‌ی بێ واسێتە جۆرە تێگەیشتنێکە لە سیاسەت کە کەمتر تێکەڵاوی هەست و سۆز و ئایدۆلۆژیا بێت. هەست و سۆز و ئایدۆلۆژیا وا لە مرۆڤ دەکات کە ناسینی بە نیسبەت ڕووداوەکان و بە نیسبەت دەروەی خۆی چه‌واشه‌ بكرێت. بە لەبەر چاوگرتنی ئەو دوو ڕوونکردنەوەی سەرەوە دیارە ئێستا دەکرێت بوترێت کە ئەندامی حیزبێکی سیاسی کە بە لەبەر چاوگرتنی مێکانیزمە جیاوازەکان وەکوو دەنگ دان، کۆنگرە و ئۆرگانە جیاوازەکانی ئەو حیزبە کاریگەری ڕاستەو خۆ یان ناڕاستەوخۆی لەسەر پێکهێنانی سیاسەتی حیزبەکەی و هەروەها پێکهێنانی تێگەیشتنی گشتی حیزبەکەی هەیە پێویستە لە هەڵسووکەوتی لە بەرامبەر ڕووداوە سیاسییەکان و کاردانەوەی بە نیسبەت کێشە سیاسییەکانی نێوخۆی کوردستان چەند خاڵی سەرەکی بەرچاو بگرێت.

پێوەندی حیزب لەگەڵ ئەحزابی دیكه‌ی کوردستان لەسەر بنەمای پاراستنی سەربەخۆییە. ئەم پرەنسیپە یان ئەم ڕستەیە بە گشتی هەندێک کاردانەوەی سەرەکی لەسەر داڕشتنی سیاسیەتی حیزب لە هەمبەر حیزبەکانی دیكه‌دا هەیە و ئەندامی حیزبیش ئەو چوارچێوەیە ڕەچاو دەکات. یەکەم کاردانەوە لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە حیزبی دێموكرات بۆ خۆی و لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆی دا کێشەکانی خۆی پێناسە دەکات. واتە کێشە سەرەکییەکان کە حیزب لەگەڵیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بەرنامەکەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە وەگەڕ دەخات هەڵقوڵاوی ئاگایی خۆی و بەرژەوەندی خۆیەتی. واتە کێشەی حیزبی دێموكرات تەعبیری حیزبە لە کێشەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران. ئاکامی مەنتیقی ئەم ڕاستیە ئەوەیە کە حیزبی دێموكرات و ئەندامی حیزب ناتوانن لە ناوەڕاستی کێشەکانی ئەحزابی دیكه‌ی کوردستان لەگەڵ خۆیاندا و لەگەڵ کەسانی تر ڕاوەستن و لایەنگری لە لایەک بکەن.

لە لایێکی ترەوە لایه‌نێكی دیكه‌ی ئەم بنەمایە ئەوەیە کە حیزبی دێموكرات پشتیوانی لە جووڵانەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی دیكه‌ی کوردستان دەکات و پێی وایە کە ئەوان باشترین کەسن بۆ ئەوەی چییەتی کێشەکانی خۆیان پێناسە بکەن و تەنیا ئەوانن کە ڕەوایی ئەوەیان هەیە کە خواستەکانیان تیۆریزە بکەنەوە. ئەمە خۆی ڕێنوێنیێکی دیكه‌ی پێوەندیەکانی دەرەوە بەرهەم ئەهێنێتەوە کە بریتیە لەوەی کە ئەگەرچی بۆ هەر حیزبێکی کوردی ڕەوایە کە هۆی جەبری ژیۆپۆلیتیکەوە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتێکی دەراوسێ هەبێت بەڵام ئەمە ڕەوا نییە بەرژەوەندییەکانی کورد لەو وڵاتەی دەراوسێ ببێت بە هه‌وێنی سازانی ئەو پێوەندییانە و بکرێن بە ئامرازێکی مامەڵە کردن بۆ دەسخستنی بەرژەوەندی ئەحزاب و جووڵانەوەکان.

یەکێکی تر لە ڕێنوێنیە سەرەکیەکان ئەوەیە کە حیزب هیچ جیاوازیێکی جەوهەری لە نێوان حیزبەکانی تری کوردستان دانانێت. دیارە حیزبی دێموكرات باوەڕی قووڵی بە ڕۆڵی پێشڕه‌وی خۆی لە حەوزەی سیاسەت لە کوردستاندا هەیە و پێی وایە کە پێکهاتەی حیزب سەرەڕای هەموو کەموو کورتیەکان-کە ئاکامی کێشەی نێوخۆیی و لەمپەری قووڵتری پێکهاتەیی لە کوردستان و لە ئێرانن- هێشتا بەهێزترین پێکهاتەیە. بۆیە حیزبی ئێمە بە گەواهی مێژوو و بە گەواهی ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە هێشتا کارامەترین پێکهاتە و پێشڕه‌وترین ئاڵتێرناتیڤی بۆ کوردستان هەیە. نموونەش بۆ ئەو مەسەلەیە ئەوەیە کە ئەگەر چاو لێ بکەین سەرەڕای ئەوەی کە حیزب لە ئێمڕۆدا لەگەڵ کێشەی زۆر دژوار و لەمپەڕی نێوخۆیی و دەرەکی ڕووبەڕوویە بەڵام چ لە ئاستی گوتار و چ لە ئاستی پێکهاتەدا حیزبە گەورەکانی چوار پارچەی کوردستان هەم خەریکی نزیک بوونەوە بە گوتاری حیزبی دێموكراتن و هەم خەریکن پێکهاتەکەیان نزیک بەو پێکهاتەیە دەکەنەوە کە حیزب ساڵەهایە پێی کار دەکات. سەقامگیری و سوباتێکیش کە حیزب سەرەڕای لەدەستدانی دوو ڕێبەر و سێ ئێنشێعاب هێشتا هەیەتی سەقامگیریێکی کەم وێنەیە. لە دنیای سیاسەتدا ئەم سوباتە فاکتەرێکی زۆر گرینگە و ئاکامی تێگه‌یشتنی سیاسیە کە کەمتر لە نێو کۆمەڵگای سیاسی کوردستان گرینگی پێ دەدرێت لەبەر ئەوەی بلووغی سیاسیش یەکێک لەو چەمکانەیە کە ڕێبەڕە شەهیدەکانی ئێمە بە هۆی نزیک بوونەوەیان بە کەلتووری سیاسی ئەورووپا زۆر لەگەڵی ئاشنا بوون کەچی هێشتا لە کەلتووری سیاسی لە کوردستان دا چەمکێکە کە کەمتر گرینگی پێ دەدرێت. باشترین سەرچاوە بۆ زیاتر شی کردنەوەی ڕوانینی حیزب بۆ سەر ئەم بابەتانە خوێندنەوەی کورتەباسە کە لەوێ حیزبی دێموكرات ئاوانگارد بوونی خۆی لە پانتایی سیاسی لە کوردستاندا شی دەکاتەوە. بۆیە حیزب و ئەندامی حیزبی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو موختەساتەی سەرەوە و جێگەو پێگەی حیزب و شێوە ڕوانینی حیزب بۆ پلەو پایەی خۆی لە نێو ئەحزابی تر دا ناتوانێت بە هیچ شێوەیێک لایەنگر بێت لە شەڕی ناوخۆیی ئەحزابی تری کوردستان و تەنیا ڕۆڵێک کە دەتوانێت بیگێڕێت ئەوەیە کە ڕۆڵی هێوەرکەرەوەی هەبێت. دیارە ئەمە هەم ئەرکێکی ئەخلاقیە و لە درێژەی پرەنسیپەکانی حیزبە هەم بە شێوەیێکی کردەوەیی لە درێژەی بەرژەوەندییەکانی حیزبە. لەبەر ئەوەی ئێستا گرینگترین فاکتەری بەرهەمهێنەروەی نائارامی لە ناو ئەحزابی کوردیدا ئێرانە کە هەمووکات بۆ گوشار خستنە سەر ئێمە کەڵکی لێ وەردەگرێت.

یەکێکی تر لە پرەنسیپە سەرەکیەکانی حیزب بۆ دارشتنی چوارچێوەی لێکدانەوە و هەڵوێستی لە هەمبەر ئەحزابی تر و پارچەکانی تر بریتیە لە بەرپرسایەتی نەتەوەیی. ئەم چەمکە زۆر چەمکێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاترە. یەکێک لە توخمە سەرەکیەکانی ئەم چەمکە بریتیە لە بەدەست خستنی واتایێکی گشتگیر لە دوو چەمکی بەرژەوەندی نەتوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی. لە غیابی یان لە نەبوونی واتایێکی گشتگیر لەو دوو چەمکە کە لە لایەن هەموو لایەنەکان و پارتەکان پەسەند بکرێت هەر حیزبێک بەرژەوەندییەکانی خۆی وەکوو بەرژەوەندی گشتی بە خەڵک دەفرۆشێتەوە کە ئەمە دەبێتە هۆی جۆرێک لە پاوانخوازی. بۆیە ڕاوەستان لە بەرامبەر ئەو پاوانخوازیە دژوارترین کار دەبێت بۆ لایەنەکانی تر.

هەروەها ئەمە فەزای سیاسی کوردستان زۆر جەمسەری کراو یان پۆلارایزه‌ دەکاتەوە و متمانە لە نێوان تاکەکان و نوخبە سیاسیەکان لا دەبات لەبەر ئەوەی دیار نیە تا چەند تاکەکان و حیزبەکان ئامادەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەوانی تر بخەنە ژێر پێ؟

حیزبی دێموكرات لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پرەنسیپە پێی وایە کە پێوەندی نێوان ئەحزابی کوردی ماهیەت واتە چیەتیێکی جیاوازی هەیە لە پێوەندیەکانی نێوان یەکەکانی ناو کۆمەڵگای نیونەتەوەیی. بە باوەڕی حیزب هەندێک یاسای هەڵقوڵاو لە دوو توخمی بەرژەوەندی نەته‌وەیی و ئاسایشی نەته‌وەیی زاڵە بە سەر پیوەندی نێوان حیزبە کوردییەکان کە ئەوان جیاواز دەکات لەوەی نێوان دەوڵەتاکان و حیزبەکانی ولاتانی جیاواز لەگەڵ یەکتردا. هەر لە بەر ڕۆشنایی ئەم لێکدانەوەیە کە حیزبی دێموكرات هەمووکاتێک لە هەموو بوارەکاندا یارمەتی حیزبەکانی بەشەکانی تری کوردستانی داوە وسەرەڕای هەبوونی پێوەندی لەگەڵ حکومەتەکان بە ڕاشکاوی بەرگری لێ کردوون. ئەمە دیارە تەنیا دەتوانێت لەبەر یەک هۆکار بێت و ئەویش زاڵ بوونی ئەسڵی بەرپرسایەتی نەتەوەیی بە سەر گوتاری حیزبدایە کە دوو توخمی ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە. ئەمە لێکدانەوەیێکی ئارمانگەرایانە نیە و بە شایەتی کەسانێکی زۆر حیزب توانیویەتی بەرامبەرە ناکوردەکانی بێنێتە سەر ئەو قەناعەتە کە ڕێز لەو پرەنسیپەی حیزب بگرن. هەر حیزبێک دەتوانێت پرەنسیپەکانی بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵیان پێوەندی هەیە دابڕێژێت و ئەوان بەو قەناعەتە بگەیێنێت کە ڕێز لەو پرەنسیپانە بگرن ئەوەی کە لە لایەن هەندێک حیزبەوە ناکرێت بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە گرینگی ئەم مەسەلەیە و گرینگی پرەنسیپ و ئەسڵ لە پێوەندیەکانیان بەو شێوەیە بۆیان ڕوون نەبۆتەوە و هێشتا لەگەڵ ئەو ئیدەیە بێگانەن. بۆیە لە درێژە ئو پرەنسیپە حیزبی دێموكرات دەتوانێت هەمووکات داوا لە حیزبەکانی تر بکات کەلە چوار چێوەی بەرپرسایەتی نەته‌وەیی خۆیان بجووڵێننەوە. بۆیە هەموو کات لەبەرامبەر ئەو لایەنانەی کە بە پێناسەیێکی بەرتەسک لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی هەوڵی پاوان کردنی پانتایی سیاسی کوردستان دەدەن یان هەوڵ دەدەن بە سەرمایەگوزاری لەسەر داوا ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرژەوەندی ئەو بەشە بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵوێستی ئوسولی خۆی پیشان دەدات و ئەو لایەنانە ناچار دەکات کە ڕێز لەو پرەنسیپانە بگرن.

ئەمە بێ جیاوازی لە بلۆکبەندی سیاسی نێوان ئەحزابی چوارپارچەی کوردستانە لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی درێژخایەنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر گرینگ ترە لە بلۆکبەندی کاتی سیاسی.

لە ئاکامدا پێویستە بگوترێت کە هەڵسووکەوتی ئەندامانی حیزب پێویستە زیاتر لە هەست و سۆز و زیاتر لە ئایدۆلۆژی لە ژێر کاریگەری و هەروەها شوێنی ڕەنگدانەوەی پرەنسیپە سەرەکییەکانی حیزبی دێموكرات بن.

ئەندامی حیزبی لە هەر پلەیێکدا بێت لە بەرامبەر هاوڕێکانی خۆی و لە بەرامبەر حیزبەکەیدا بەرپرسیارە بۆ ئەوەی ئەو پرەنسیپانە بەڕێوە ببات.

لەبەر ئەوەی پیشاننەدانی پرەنسیپ لە هەڵسووکەوتی ئەندامانی هەر حیزبێکدا ئەو حیزبە لاواز و بێ پرەنسیپ پیشان دەدات. لە دنیای ئەمڕۆدا چووكه‌ترین هەڵوێست لەسەر دنیای مەجازی بۆ ماوەیێکی زۆر لەبەر چاو دەمێنێتەوە و خەڵکانی زۆر لە چوارگۆشەی دنیا دەتوانن بیبینن و کاردانەوەکەی لە هەڵوێستە شەفاهیەکانی پێش سەرهه‌ڵدانی دنیای مەجازی زیاترە. ئەمە سەرەتاییترین بنەمای کاری بەکۆمەڵ و فەرهەنگی کاری حیزبیە کە پێش لە هەرشتێک پێویستە ڕەچاو بکرێت بۆ ئەوەی نەزم لە نێو گرووپدا بمێنێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە