کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ هیوایی بە شۆڕش یا باوەڕمەندبوون بە رێفۆرم لە ئێران ؟!

21:45 - 12 بەفرانبار 2715

هەیبەت کامرانی‌پوور

بە بەڕێوەچوون و کۆتایی هاتنی خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە ئێران، پرسی بەناو هەڵبژاردن بۆ جارێکی دیکه کەوتە رۆژەڤەوە و مەجالی مانۆڕدانی بۆ حکوومەتی ئیسلامی فەراهەم کرد کاتێک باسی هەڵبژاردن دەکرێت، یەکەم شتێک کە بە مێشکی هەر تاکێک دەگات، دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینە. واتە هەڵبژاردن وێنەیەکەی مێشکیمان بۆ دروست دەکات لە دێموکراسییەت.

هەڵبژاردن بەرهەمی دێموکراسییەتە و لە شوێنێک کە دێموکراسییەت بوونی نەبێت، هەڵبژاردن واتای سەرەکیی خۆی لەدەست ئەدات.

مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران یەکێک لە سەرەتاییترین مافە سیاسییەکانی هەر تاکێکە.

هەڵبژاردن بەستێنی بەشداریی هەموو تاکەکانی ئەو ناوچەیە کە تێایدا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە دەچێت، فەراهەم دەکات. ئەم پێناسەیە لە حاڵەتێکدا کە مافی هەڵبژاردن و مافی هەڵبژێردران بە شێوەیەکی ئازادانە بە هەموو تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایه بدرێت جێگای قبووڵە و پێویسته بەڕێوەبەری هەڵبژاردن مەجالی بەرابەر و یەکسان بۆ فکرییەتە جۆراوجۆرەکان دابین بکات، ئەمەش پێویستی بە دێموکراسییەتە و لەو دەسەڵاتانەدا کە دیکتاتۆرن هیچ رەنگێک ناداتەوە
لە جیهاندا کۆمەڵێک حکوومەتی دیکتاتۆر بوونیان هەیە و هەموو تایبەتمەندییە سەرەکی و لاوەکییەکانی دیکاتۆربوونیان تێدا بەدی دەکرێت.
ئەوەی کە جێگای سەرنجه، پرسی هەڵبژاردن لەو جۆرە حکوومەتانەیە کە بە بەرێوەبردنی هەڵبژاردنێک کە هیچ یەک لە تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنی ئازادی تێدا نابیندرێت دەیهەوێ رەوایی خۆی بە دنیای دەرەوە نیشان بدات.

بەم پێیه بۆمان دەر دەکەوێت کە یەکەم خاڵێک کە لە هەڵبژاردنێکدا جێگای سەرنجه، شێوازی ئەو حکوومەتەیە کە ئەو هەڵبژاردنەی تێدا بەڕێوەدەچێت، واته ئەگەر هەڵبژاردن لە حکوومەتێکی دیکتاتۆر بەڕێوەبچێت، جەوهەری سەرەکیی خۆی لەدەست ئەدات چونکە، لەم جۆرە حکوومەتانەدا دەسەڵات یەک رێگا لەبەردەم خەڵک دائەنێت و تەنیا رێگایەک کە خەڵک دەتوانن پێیایدا بچن ئەو رێگایەیە کە دەسەڵات بە ویست و دڵخوازی خۆی دایناوە، کەواته لێرە هەڵبژاردن ناوەڕۆک و جەوهەری سەرەکیی خۆی لەدەست ئەدات.

حکوومەتی دیکتاتۆر بە شێوەیەکی ئاگایانە بەناوهەڵبژاردنێک لە کۆمەڵگای ژێردەسەڵاتی خۆی بەڕێوەدەبات و لەو رەوتەشدا هیچ بۆی گرینگ نیه کە کێ و یا چ لایەنێک سەرکەوێت چونکە لە پێشدا لە فیلتەری حکوومەت تێپەڕیون و بە قبووڵکردنی ناوەڕۆکی حکوومەت توانیویانه مافی هەڵبژێردران بە دەست بێنن.

یەکێ لەو پرسانە کە لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکاندا دێته ئاراوە، دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنە. ئۆپۆزسیون ئەو هێزەیە کە ناوەڕۆکی سیستەمی حاکمی پێ قبووڵ ناکرێت و بە رێکخستنی کۆمەڵگا لە هەوڵی رووخانی دیکتاتۆرییەت و بنیاتنانی سیستەمێکی دێموکراتە. ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکان ئەو بەرەیەیە کە بە تەواوەتی دژایەتیی حکوومەتی دیکتاتۆر دەکات و ئامانجی ئازادی و دێموکراسی بۆ هەموو کۆمەڵگایه نەک تەنیا بۆ چینێکی تایبەت.

شبهە ئۆپۆزسیۆن لە کۆمەڵگا ژێردەسەڵاتەکانی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان کە لە واقیعدا لە خزمەتی دیکتاتۆرییەتی حکوومەتدان، یەکێک لەو خاڵانەیە کە جێگای سەرنجه.

ئەم شێوە ئۆپۆزسیون بوونە ئامانجدارە و دارەدەستی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەیە و دەتوانێ یەکێک لە گەورەترین خەسارەکان بۆ ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و دژبەرانی راستەقینەی حکوومەت بێت.

شبهە ئۆپۆزسیۆن خۆی دەخزنێته نێو ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و کاریگەریی نەرێنی دادەنێت و پاشانیش خۆی بە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی پێناسە دەکات. ئەم بەناو ئۆپۆزسیونه کە سیاسەتی خودی حکوومەتە دەتوانێ چەندین لایه لە ئۆپۆزسیۆنە راستەقینەکان جەزب بکات بۆخۆی و بەو شێوەیە خەسار بگەینێته ئۆپۆزسیونی راستەقینە.

تاکوو ئێستا باسی هەڵبژاردن، چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، سیستەمی دیکتاتۆرییەت و ئۆپۆزسیونمان ورووژاندووە. لێرەدا بە پێداگریی لەسەر دیکتاتۆربوونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەپڕژینە سەر بابەتی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئئسلامی و رۆڵی شبهە ئۆپۆزسیۆن لە پێشبردنی سیاسەتەکانی ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرەدا.

یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی شبهە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئێراندا، گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردنە و بە شێوەیەکی ئاگایانه نەوت دەکەنە ئاگری هەڵبژاردندا و بە هەموو شێوەیەک بە فەرمانی حکوومەت لە هەوڵی بەشدارکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنن کە بەو شێوەیە روو بە دنیای دەرەوە بڵێن کە حکوومەت رەوایی خۆی لەدەست نەداوە.

بە سەرنجدان بەو راستییەی کە حکوومەتی دیکتاتۆر ناتوانێت تاکەکانی کۆمەڵگای ژێردەسەڵاتی خۆی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان ئازاد بکات، بۆمان دەردەکەوێت کە بەشداری لە هەر چەشنە شتێک کە حکوومەت بەسوودی خۆی و بۆ شانتاژ کەڵکی لێوەربگرێت کارێکی هەڵەیە و تەنیا و تەنیا رەوایی دان بە حکوومەتە
کاتێک باسی هەڵبژاردن لە ئێران دەکرێت، رۆڵی سێ بەرە زەق دەبێتەوە و لێرەدایه کە حکوومەت، ئۆپۆزسیۆن و شبهە ئۆپۆزسیۆن کە لە ئێراندا هەمان رێفۆرمخوازەکانن هەرکام بە شێوەیەک چالاکییەکانی خۆیان دەنوێنن. لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی دیکتاتۆری ئیسلامیدا، ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بە ئاشکرا چالاکیی لە ئێران نییه و لە کوردستانیش لەبەر توندوتیژیی حکوومەت لە ئێران پاشەکشەی کردووە و لە شاخ و چیاکانی کوردستان جێگیر بوونە و مافی چالاکیی فەرمییان لە ئێراندا پێ نادرێت، هەر بۆیه لێرەدایه کە شبهە ئۆپۆزسیۆنی رێفۆمخواز بە رێبەریی مووسەوی، خاتەمی، رەفسەنجانی و کەڕۆبی لەلایەن حکوومەتەوە بە مەبەستی دیاریکراو روو لە واقع دەکەن و بە شێوەیەکی ئاگایانه خزمەت بە حکوومەتی دیکتاتۆر دەکات و سیاسەتەکانی بەرەوپێش دەبات.

ئەوەی کە لێرەدا جێگای سەرنج و تێڕوانینه بوونی کۆمەڵێکی دیکە تاکی ئازادیخوازی ناو کۆمەڵگایه کە نایانەوێ لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە لە ئێراندا حیزبە کوردییەکانن - تێبینی: هەموو حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بەهەژمار نایەن - چالاکی بکەن و پێکهاته شکێن نین و لە هەوڵی ئەوەدان کە لە رێگای یاسای پەسندکراوی حکوومەتەوە لانیکەم مافێک بە دەست بێنن.

باسی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کەوتووەتە رۆژەڤ و رۆژانە لە ماڵ، کۆڵان، قاوەخانه و دنیای مەجازی و ...هتد باسی لەسەر دەکرێت. بیروڕوکان جیاوازن و رای جیاواز به نیسبەت هەڵبژاردنەوە دوو بەرەی سەرەکی پێک هێناوە.

ئەو بەرەیە کە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و پێکهاتە شکێنن و پێیان وایه کە لە چوارچێوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا مافی هیچکام لە گەلانی ئێران وەدەست ناخرێت و پێداگری دەکەن کە بایکۆتی هەڵبژاردن باشترین رێکارە.

بەرەی دووەم کە خۆیان لە چەندین دەستە وەکوو بناژۆخواز و رێفۆرمخواز پێک هاتووە، پێیان وایه کە بەشداری لە هەڵبژاردن نەتەنیا ماف بەڵکوو ئەرکە.

ئەوەی لێرەدا روونە ئامانجی بەرەی دوومە لە بەشداری پێکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن و دەیانهەوێ کە خەڵک لەو تاقەرێگایەی کە حکوومەت لەبەرپێی ناون هەنگاو هەڵێنن و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی شبهە ئۆپۆزسیۆن بازە بۆ هەر چەشنە چالاکیەکی تەبلیغاتی هەڵبژاردن.
لە واقیعی کوردستانی ئێراندا، ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی بوونیان هەیە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبەکاندا چالاکی ناکەن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەتوانن لە چوارچێوەی هەر ناوێکدا بۆ نموومە رێفۆرمخواز بن دەتوانن چالاکی بکەن و تەنانەت بچووکترین مافیش لە حکوومەت بستێنن.

ئەم جۆرە کەسانە کە بە رواڵەت لە هەوڵی ئەوەدان کە بە هەر شێوەیەک بووە بتوانن بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران خزمەت بکەن.
ئەو پرسیارەی کە لێرەدا دێته ئاراوە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا کە یاسا بنەڕەتییەکەی دژ بە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کوردە، مافی کورد بستێندرێت؟ دەمێکە ئەم پرسیارە روو بە رێفۆرمخوازەکانی کوردستان کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دادەنێن ورووژێندراوە بەڵام تاوەکوو ئێستا وڵامێکییان بۆی نەبووە کە منی پێکهاتەشکێن و ئۆپۆزسیۆنی بە قەناعەت بگەینێت.

کۆمەڵێک کەس هەن کە سەرەڕای بێهیوابوون لە پێکهاتنی گۆڕان لە حکوومەتی ئیسلامی، لەسەر بەشداری لە هەڵبژاردن پێدا دەگرن و دەڵێن کە بایکۆت رێکارێکی باش نیه و هیچ دەستکەوتێکی بەدواوە نابێت، بۆیه خەڵک پێویسته بەشداری بکەن لە هەڵبژاردن و دەنگی خۆیان بەو شێوەیە بەرز بکەنەوە.

لایەنگرانی تێزی بایکۆتی هەڵبژاردن لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەڵبژاردن لە ئێران تەنیا شانۆیەکە و بەو شێوەیە حکوومەت دەیەوێ روو بە دنیای دەرەوە رەوایی خۆی نیشان بدات، بۆیه بایکۆتی هەمەلایەنەی ئەو شانۆیه بە ئەرکی هەموو دژبەرانی حکوومەت دەزانن.
ئەو کەسانەیش کە باوەڕیان بە بایکۆت نییە دەڵێن کە پێویسته خەڵک بە خۆپاڵاوتن و دەنگدان لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن، هەڵبژاردنێک کە بەڕای لایەنگرانی بایکۆت ئینتساباتە و شانۆیەک زیاتر هیچ نیه.
خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لە چوارچێوەی حکوومەتدا چالاکی بکەن ئاستی مافەکانیان نزم کردووەتەوە و تەنانەت باسی مافە سەرەکیەکانی گەلی کورد کە بەبڕوای بەرەی پێکهاتەشکێن مافی چارەی خۆنووسینە کەوتووەتە لاوە و باسی لێوە ناکرێت. لایەنگرانی بایکۆت ئاستی داخوازەکانیان کەم ناکەنەوە و جەوهەرەی سەرەکیی داخوازەکانیان مافی چارەی خۆنووسین و دێموکراسییه کەچی دژبەرانی بایکۆت بە ئیجرای ماددەی ١٥ و نۆژەنکردنەوەی ئاسفاڵتی شەقامەکان و ... کۆمەڵێکی دیکه داخوازیی لاوەکی رازین.

لایەنگرانی بەشداری لە هەڵبژاردن کە لەم بابەتەدا مەبەست ئەو چالاکە کوردانەیە کە دەیانەوێ بە خۆپاڵاوتن و بەشداریی خەڵک لە هەڵبژارنەکان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، لەسەر ئەو بڕوایەدان کە بە هەبوون لە مەجلیس دەتوانن لانیکەم مافێک بەدەست بێنن کەچی بایکۆتکەران ئاستی داخوازییەکانیان کەم ناکەنەوە و ئەو مافانەی کە لایەنگرانی بەشداری باسی دەکەن بە وردەماف دەزانن و پێیان وایه نزمکردنەوەی ئاستی داخوازەکان جێگای قبووڵ نیه بۆ گەلی کورد کە زیاتر لە ٧٠ ساڵه نرخ و خوێنی بۆ ئەدات.

بایکۆتکەرانی پرۆسەی بەناوهەڵبژاردن هەبوونی فیلتەری شۆرای نیگابان و تەئید سەلاحییەت وەکوو سڕینەوەی جیابیرەکان دادەنێن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوەی لەو فیلتەرە تێپەڕ بووبێ کۆمەڵێک خاڵی واژۆ کردووە کە یەکیان ئیلتزام بە ئیسلام و حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانه و باوەڕمەندبوون بە یاسای بنەڕەتی و ئەسڵی ویلایەتی موتڵەوەی فەقیهە؛ کەوابوو هەر تاکێک کە ئەو نووسراوەیەی کە 6 خاڵی تێدایه واژۆ کردبێ چۆن دەتوانێت بۆ ویست و داخوازییەکانی خەڵک کە بەدەستهێنانی مافەکانیانە هەنگاو هەڵێنن؟!

ئەو کەسانەی کە لە لایەنگرانی بەشداری لە هەڵبژاردنن دەڵێن: پێویسته لە زەرفییەتەکانی ئیمکانی چالاکی کەڵک وەربگیردرێت، نابێ لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەتوانن لە دەرەوەی بازنەی حیزبەکان تێبکۆشن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە چوارچێوەی حکوومەتدا. ئەم کەسانە بە کەم قانیعن و ئاستی داخوازییەکانیانی خەڵک دادەبەزێنن. لایەنگرانی بەشداریی لە هەڵبژاردن بایکۆت بەباش نازانن و هاوکات زۆربەشیان ئەو پرۆسەیه بە شانۆ ناو دەبەن و دەزانن لەو رێگایەی حکوومەت دایناوە لەحاڵی حەرەکەت دان.

لایەنگرانی پێکهاتەشکێنی و بایکۆتی هەمەلایەنە پێداگری دەکەن: لە چوارچێوەی سیستمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی هەموو هەلبژاردنێک شانۆگەری و بە لارێدابردنی ئەفکاری عمومی و ئەبزاری کردنی خەلکە بە مەبەستی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و بابەتی رێفۆرمی رووکەشیش بێ واتایە لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا ململانیەک لە نیوان لەیەکانی دەسەلات هەیە لە سەر حیسابی ئینرژی خەلک و ئاکام و داسەپاندنەکان لە سەرەوە تەراحی دەکرین هیوای رەوتی پاشکەوتوو و پۆپۆلیستی رێفۆرم شتێک نیە جگە لە بە لارێدابردنی داخوازییەکانی خەلک . کۆماری ئیسلامی دژبەری هەموو مافێکی گەلی کوردە . بایکۆتکردنی ئەو سیستمە باشترین رەوشە بۆ بەرپەرجدانەوەی دیکتاتۆری.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە